ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر
ڕاهێنەرێک لە ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی ئاشکرایدەکات، کە لە شاری هەولێر و دەوروبەری توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە زیادبووندایە و هێشتا خەتەنەکردن و بە زۆر بەشوو دان بەردەوامی هەیە، دەشڵێت: پیاوان لەدەرەوەی دادگاکانی هەرێم و بی ئاگاداریی هاوسەری یەکەمیان، هاوسەرگیریی دووەم دەکەن.
توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە شاری هەولێر و دەوروبەری زیادیکردووە.
کوردستان ڕەسول، ڕاهێنەر لە ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە کاتی دەستپێکردنی پرۆژەیەکی ڕێکخراوەکەمان، کە هەڵمەتێکی هۆشیارییە بۆمان دەرکەوتووە جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەزیادبووندایە.
کوردستان ڕەسول، ئاماژەی بە جۆری توندوتیژییەکان کرد و وتی: یەکێک لەتوندوتیژییەکان هێنانی ژنی دووەمە بەتایبەت هێنانی ژنی عەرەب، هەروەها خەتەنەکردن لە گوندە دوورە دەستەکان بەردەوامە و بەزۆر بەشوودانیش هەیە.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی ئەوەشی ڕوونکردەوە، کە ئەو پیاوانەی ژنی دووەمیان هێناوە لە دادگا پرۆسەی مارەبڕینیان نەکردووە، بۆ ئەم مەبەستە ڕوویان لەکەرکوک و پردێ و شوێنی تر کردووە و سودیان لە یاساکانی عیراق وەرگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە ژنی یەکەمیان ئاگاداری ژن هێنانەکە نین.
سەبارەت بە ئەرکی ڕێکخراوەکەیان بۆ ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی پیاوان و ئاشناکردنی ژنان بە مافەکانیان، کوردستان، وتی:لەکاتی چوونمان بۆ شوێنە دوورە دەستەکان پیاوان پێمان دەڵێن، کە ژنەکان شارەزا نەکەین لە مافەکانی خۆیان، چونکە ئەگەر شارەزا بن داوای مافی خۆیان بکەن ناتوانن بەیەکەوە بژین لەبەر ئەوەی ئێستا بەو شێویە دەژین کە مافەکانیان دەخۆرێت و دەنگ ناکەن.
پرۆژەی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی لە ئێستادا لەگوندەکان و شارەدێکانی دەڤەری هەولێر بەردەوامە وەک بەحرکە و کەسنەزان و قوشەتەپە.
ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی (wadi لە ساڵی 1991 لە ئەڵمانیا دامەزراوە و لە ساڵی 1993 بەفەرمی ڕێگەی پێدراوە لە عێراق کاربکات، ئۆفیسی سەرەکی عێراق لە شاری سلێمانیە و لە هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و گەرمیان-یش ئۆفیسی هەیه.
#23-05-2017#