بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
لەم ڕۆژانەی دواییدا لە هەرێمی کوردستان زەخت و فشارێکی تووند هەیە لەسەر ئەندامانی نوێنەرایەتیمان لە هەولێر و خەڵکی باکوور کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. مامەڵەی خراپ و ئازاردانیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. هێزەکانی ئاسایشی پارتی دێمۆکراتی کوردستان-پەدەکە هەڕەشە لە پەنابەرانی باکوور دەکەن و پێیان دەڵێن: (نەچن بۆ نوێنەرایەتی #هەدەپە#) و جار جاریش پێیان دەڵێن: (بەشداری له و چالاکییانە نەکەن کە پەیوەندییان بە باکوورەوە هەیە.)
پارتی دێمۆکراتی گەلان - هەدەپە، گەورەترین پارتیی باکووری کوردستان و سێیەمین پارتیی تورکیایە. نوێنەرایەتی ئێمە لە هەولێر، ئەندامان و کەسوکارەکانیان ڕێز لە یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن و پابەندن پێیانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای زەخت و فشارەکان لەسەر ئەندامانمان لە دهۆک و زاخۆ، ئێستا فشار دەخرێتە سەر نوێنەرایەتیمان لە هەولێر. ئێمە ئەوە پەسەند ناکەین.
پێویستە دەمودەست کۆتایی بهێنرێت بە زەخت و فشارەکان لەسەر ئەندامانی ئێمە و نوێنەرایەتیمان لە هەولێر. گەلی باکوور کە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ جێگە و واری خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە خاکی براکانی خۆیان کردووە، پێویستە ڕووبەڕووی زەخت و فشار نەکرێنەوە. ئەم زەخت و فشارانە لە کاتێکدایە کە شارەوانییەکانمان لە باکوور لە لایەن قەیومەکان دەستیان بەسەرداگیراوە. پارلەمانتاران، هاوسەرۆکی گشتی و بەڕێوەبەران و ئەندامانی شارەوانییەکان زیندانی کراون.
پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە مافە مرۆییەکانی ئه و کەسانە بگرێت کە لە باکوورەوە ڕوویان لە باشوور کردووە، ئەوان مافی سەرەکی خۆیانە لە باشوور بژین. پێویستە حکوومەتی هەرێم مۆڵەتی مانەوەیان پێبدات و ژیانێکی ئارامیان بۆ مسۆگەر بکات.
لە ساڵانی 1990 دا کاتێک خەڵکی باشووری کوردستان بەهۆی زوڵمی سەدام حوسێن ڕوویان لە باکووری کوردستان کرد، خەڵکی باکوور خاوەنداری لێ کردن. هەروەها گەلەکەمان لە باشووری کوردستان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی براکانیان دەکەن لە باکوور. لە ڕاستیشدا مامەڵەی هەرە درووست و سرووشتی ئەوەیە.
هەدەپە، لەگەڵ هەموو ڕێکخراو، ئەندام و هەڵبژێردراوەکانی خۆی لە تورکیا، تێکۆشانی ئازادی، دێمۆکراتی، ئاشتی، ماف و دادپەروەری دەکات. هەرچەندە ڕووبەڕووی زەخت و فشاریش بکرێتەوە، سورە لەسەر تێکۆشان و بە بڕیارەوە پێداگری دەکات. هەدەپە هەم بۆ ئازادی، یەکسانی و مافەکانی گەلی کورد، هەم بۆ مافی هەموو گەلان بەرخۆدان دەکات. هێزی ئێمە گەلەکەمانە. لەبەرئەوە بە بۆچوونی ئێمە پێویستە هەدەپە لە باشوور نەک هەر ڕووبەڕووی زەخت و فشار نەکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە پشتیوانی بکرێت.
نوێنەرایەتی هەدەپە و خەباتکارەکانمان لە هەولێر، تەنیا و بێ خاوەن نین. ئەوان خاوەنی ئیرادەن و هەوڵدەدەن کێشەکانی خەڵکی باکوور کە نیشتەجێی باشوورن چارەسەر بکەن. ئەگەر دەربارەی کێشەکان ئاگادار بکرێنەوە، هەوڵدەدەن چارەسەرییەکی هاوبەش پێکبێنن.
بۆ ئێمە هەموومان درووستترین شت، پێشخستن و پێکهێنانی مافی برایەتییە. بێ ڕێزی و مامەڵەی خراپ خزمەتی بەرژەوەندیی گەلەکەمان ناکات.
ئێمە وەک هەدەپە، خاوەنداری لە نوێنەرایەتیمان و گەلی خۆمان دەکەین، ئەوان بە تەنیا نین.
پارتی دێمۆکراتی گەلان - هەدەپە
لیژنەی ناوەندی بەڕێوەبردن
27-05-2017