ئەگەرچی بە بەردەوام دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەناو ژناندا ڕووی لە زیادبوونە، بەڵام کەمترین سەرپێچی-یش دەکەن، ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی-ش کەمی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەلایەن ژنانەوە پشتڕاست دەکەنەوە، وتەبێژی هاتووچۆش دەڵێت: ژنان تا ئێستا زیاتر لە 79 هەزار مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە.
لەم ساڵانەی دوایدا ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویان کردە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و نامیلکە (کوراسە) ڕاکێشان، بە جۆرێک دەتوانرێت بوترێت کە لە ئێستادا لە شەقامەکاندا ڕێژەیەکی بەرچاو ژنان دەبینرێن کە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، بەهۆی لەسەرخۆبوون و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆوە ژنان لە کەمی تۆمارکردنی ڕێژەی ڕوداوەکانی هاتوچۆدا پشکی شێریان بەرکەوتووە.
میهرەبان فایەقی تەمەن 46 ساڵ، ماوەی هەشت ساڵە مۆڵەتی شۆفێری هەیە و شۆفێری تاکسییەکە لە شاری سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە مۆڵەتی شۆفێریم هەیە و شۆفێری دەکەم، خۆشبەختانە هەتا ئێستا من ڕووداوی هاتوچۆم نەکردووە، بەڵام لە لایەن ئۆتۆمبێلی دیکەوە لێم دراوە، لەبەر ئەوەی کە پیاوان بەپەلەترن و دەیانەوێت زو بگەنە شوێنی مەبەستیان، بۆیە زۆر پەلە لە ئۆتۆمبێلەکانی پێش خۆیان دەکەن، جا چی شۆفێرەکە ژن بێت ئەوا زیاتر پەلەی لێدەکەن.
هەروەها شلێر غەریب، کە وەک ژنێک خاوەنی نوسینگەی فێربوونی شۆفێرییە، بە ڕۆژنیوزی وت: لە ئێستادا ڕێژەی ژنان بۆ فێربوون یان دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری و ڕاکێشانی کوڕاسەدا لە ساڵی 2008ەوە زیادیکردووە، ژنان لە وانە تیۆرییەکاندا پابەندن بە کاتەکانەوەو گوێگرترن و ڕێژەی دەرچوونیان زیاترە وەک لە پیاوان، بەڵام لە وانە کردارییەکاندا پیاوان زووتر فێردەبن، بەهۆی ئەوەی کە لە کۆمەلگەی خۆماندا کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە، هاوکاری کوڕ دەکرێت و فێری شۆفێری دەکرێت کچەکەی فێر ناکات، بۆیە کاتێک کچەکە دەیەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربکات ئەوە وانەی زیاتر و کاتی زیاتری دەوێت.
شلێر، وتیشی: هەمیشە وا باوە کە ژنان زیاتر نەرمترن و زیاتر پابەندن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆوەو لەسەر شەقامەکان هێواشتر لە پیاوان لێدەخوڕن، لەوانەیە نەیەوێت کە تیژڕەوییەک بکات بەرامبەر هیچ شۆفێرێک و شەقامەکان و هێڵەکانی سەر شەقامەکان، بەڵام پیاوان زیاتر تیژڕەوییان هەیە و ڕووداوی هاتوچۆیان زیاترە.
هەروەها کاروان محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی ئاماری مۆڵەتی شۆفێری ژنان و ڕاکێشانی کوراسەی ژنانی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو، وتی: ڕێژەی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لای ژنان زیادیکردووە، لە ساڵی 2016دا چوار هەزار و 730 ژن مۆڵەتی شۆفێری وەرگرتووە، پێدانی نامیلکە(کوراسە) بۆ ژنان لە ساڵی 2016دا سێ هەزارو 779 مۆڵەتی تایبەت بووەو 27 مۆڵەتیش گشتی بووە، کۆی گشتی مۆڵەتی شۆفێری ژنان هەتا ئێستا 79 هەزار و 240 مۆڵەتی تایبەت بووە وە 218شی مۆڵەتی گشتی بووە.
لەبارەی ئەوەی کە ڕووداوەکانی هاتووچۆ زیاتر لەلایەن پیاوانەوەیە یاخود ژنان، کاروان محەمەد وتی: ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ زیاتر لەلایەن پیاوانەوەیە، بە ڕێژەیەک کە لە کۆی دوو هەزار و 808 برینداری هاتووچۆدا 691 برینداربوویان ژن بووە، وە لە کۆی 206 ڕوداوی گیان لەدەستدانی ڕوداوی هاتوچۆدا 45 کەسیان ژن بووە، سەرجەمی ڕێژەکەی دیکە پیاو بووە.
28-05-2017