دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
#حکومەتی هەرێمی کوردستان# زیاتر لە 23 ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و بەڵێندەران و پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و قەرزی دەرەکی و چەند جۆرە قەرزێکی دیکەی لەسەر کەڵەکەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکۆتایی مانگی ڕابردوو بڕی 23 ملیار دۆلار قەرزی لەسەر کەڵەکەبووە ئەویش بەهۆی (قەرزکردن لە کۆمپانیاکانی نەوت، پێنەدانی پارەی بەڵیندەران و کۆمپانیا نێوخۆییەکان لە بواری جیاواز، پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، قەرزی دەرەکی لە تورکیا، 3 ترلیۆن دیناری وەک قەرز لە بانکە ناوخۆییەکان و ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنان کاریانکردووە قەرزکراوە، لەگەڵ زیاتر لە 6 ترلیۆن دینار قەرزی خەرجی کارەبا).
بەپێی ئەو داتایانەی دواڕۆژ لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکەوتووە، کۆی داهاتی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ، لەمساڵدا مانگانە 750 ملیۆن دۆلار بووە بە گوێرەی نرخی نەوت، لە باشترین حاڵەتیشدا کۆی گشتی داهاتی مانگانە بۆ هەناردەی نەوت لەسەر بنەمای 42 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوت و داهاتەکانی دیکەی ناوخۆ، بریتی بووە لە 880 ملیار دینار، لە کاتێکدا حکومەت ئاماژە بەوەدەکات، خەرجییەکانی هەرێم بۆ یەک مانگ بریتییە لە 1 ترلیۆن و 352 ملیار دینار، بەمشێوەیە: 880 ملیار دینار بۆ تەواوی شایستەی مانگانەی موچەخۆران، 120 ملیار دینار بۆ بەرکەوتی شایستەی داراییی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەکان، 130 ملیار دینار گەڕانەوەی قەرزی وەرگیراوی پێشەکی فرۆشتنی نەوت، 180 ملیار دینار بۆ بودجەی بەکاربردن، لە ناویدا پارەی پترۆدۆلاری کەرکووکیش.
هەربەپێی داتا و زانیارییەکان بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەواوی شایستەی دارایی یەک مانگی موچەخۆرانی هەرێم کە ژمارەیان نزیکەی 1 ملیۆن و 400 هەزار موچەخۆرە بە تەنها 880 ملیار دینارە، بەڵام حکومەت لە باشترین حاڵەتدا 880 ملیار دیناری دەستکەوتووە بە داهاتی ناوخۆوە لە باج و گومرگ و ڕەسمەکان کە بە بڕی 130 ملیار دینار مانگانە دەخەمڵێنرێت، مانگانەش کورتهێنانی شایستەی داراییی موچەخۆران 384 ملیار دینار بووە.
29-05-2017