لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا قسە و باسی زۆر لەبارەی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە و دەوروبەری #شنگال# لە میدیاکاندا کراوە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر و لێدوانی نابەجێیش خراوەتەڕوو.
بەپێویستمان زانی ئەوە ڕوون بکەینەوە کە سیاسەتی هەرێمی کوردستان تێکشکاندنی داعش و لەناوبردنی بووە. هەر لەم چوارچێوەیەیشدا ئۆپڕاسیۆنی ئازادکردنی موسڵ بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا پلانی بۆ داڕێژرا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتووانە ڕۆڵی لەو ئۆپڕاسیۆنەدا گێڕاوە و پابەندیش بووە بە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە.
هەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە مانەوەی پێشمەرگە لەو شوێنانەی پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدان ڕزگاری کردووە لە سنووری پێش 17ی 10ی 2016 کە ڕۆژی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی موسڵە، یەکلایی بووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی موناقشە نییە. لەبارەی بڕیاری مانەوە یان نەمانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە دوای ئەو ڕێکەوتە لە لایەن پێشمەرگە ئازاد کراوە، پێویستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی تازە بێت کە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕەزامەند بن و ئاساییشی هاووڵاتیان و پێکهاتەکان پارێزراو بێت و بە بڕیاری لایەنێک ناکرێت.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ڕۆژئاوای موسڵ و تەلعفەر و شنگال لە هەندێ شوێندا خەرقی ڕێککەوتنەکان کراوە، لەگەڵ ئەوەیش هەتا داعش مابێت ئامانجمان نەهێشتن و لەناوبردنی داعش دەبێت بەڵام ئەگەر بە خەیاڵی هەندێ کەسی ناو حەشد و چەند کوردێکی نیشتیمانفرۆش شەڕی داعش لەو دەڤەرە ئیستغلال بکرێت بۆ دروستکردنی کێشە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و پێشمەرگە و زێدەڕۆیی بەسەر خاکی کوردستان ئەوە بە هەموو ئەو دەنگە نەشازانە ڕادەگەیێنین کە هیچ هێزێک ناتوانێ و بۆی نییە بێتە ناو خاکی کوردستان و ئەوەیشی حەزی لێیە با خۆی تاقی بکاتەوە و سەریان بە شاخەکانی کوردستان دەکەوێت. لەبارەی چارەنووسی شنگالیش تەنیا خەڵکی شنگال بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن و ڕێگە نادرێت لایەنی تر بڕیاریان بەسەردا بسەپێنێت.
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێم
30-05-2017