رای گشتی خەڵکی کوردستان
نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان
لەگەڵ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان له و پەڕی خراپیدایە و بێکاری و هەژاری بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە، نەوت و گازی سروشتی نەیتوانیوە نەهامەتیەکان چارەسەر بکات و ببێتە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک، دەرکەوت بەپێی گرێبەستە نەوتیەکان ئایندەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە، ئەگەر ئێستا ڕێگری لێنەکرێت و چارەسەر نەکرێ، هەرێمی کوردستان لە بری ڕۆشتن بەره و سەربەخۆیی دوچاری داڕوخانێکی گەورەی ئابوری و سیاسی دەبێت
لە مانگی نیسانی 2007 حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنێکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای داناغاز و نەوت هیلال بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی کۆرمۆرو چەمچەماڵ دا بۆ دۆزینەوه و بەرهەهێنانی گازی سروشتی واژووکرد.
ئەم ڕێککەوتنە کەمو کورتی ئێجگار زۆری تێدابوو، لەبری چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان و ڕێککەوتنێکی نوێ، لە ساڵی 2008ەوە ڕێگریکرا لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی زیاتر، ئەگەر له و کاتەوە بەباشی کار بکرایە بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، هەرێمی کوردستان نزیکەی 20ملیار دۆلاری بۆ دەگەڕایەوە، گرفتی کارەبا لە کوردستاندا چارەسەر دەبوو، پرۆژەی پیشەسازی و پیترۆکیمیاوی لە کوردستان دروست دەبو.
جگە له و زیانانەی ئاماژەی پێدرا، کۆمپانیای داناغاز و هاوبەشەکانی لە دادگای لەندەن بڕی 2 ملیار دۆلار دۆلاریان بردووەتەوه و بەنیازی بردنەوەی 26 ملیار دۆلاری دیکەن.بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەت، هەرێمی کوردستان ئێستا 27 ملیار دۆلار قەرزارە! بەهیچ شێوەیەکیش دیارنییە ئەم پارانە بەچی دراوە، چونکە کۆی ئه و پارانەی بۆ موچەی فەرمانبەران خەرجکراوە کەمترە لە داهاتی نەوت، بەم قەرزە گوماناویانه و قەرزەکانی داناغازو ئەم سیاسەتەی ئێستای نەوت، ئایندەی کوردستان بەره و هەڵدێر دەڕوات.
لەلایەکی دیکەوە، واژووکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای (روس نەفت)ی ڕووسی بەدرێژکراوەی ئه و ڕێککەوتانانە دەزانین کە ئەم دۆخە خراپەی لە کوردستان خولقاند.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان زۆرجار داوای گرێبەستی 50 ساڵیمان لەگەڵ تورکیا کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، بەرپرسانی حکومەت ئامادەنەبوون ئەم گرێبەستە بخەنە بەردەست پەرلەمان، ئەمە جگە لەوەی داوای چەندین گرێبەستی دیکەمان کردووە حکومەت ئاشکرای نەکردووە.
ئەم گرێبەستەی (روس نەفت) ناکرێت بەبێ چاودێری و لێکدانەوەی پەرلەمان واژوو بکرێت، ناکرێت نەزاندرێت داشکاندنی هەرێم بۆ نرخی ئه و نەوتەی کەکردوویەتی بۆ (روس نەفت) چەندە؟ ناکرێت نەزانرێت کۆمپانیای (روس نەفت) چۆن دەبێتە هاوبەش یان خاوەندار له و پێنج کێڵگە نەوتییەدا، بۆ چەند ساڵە؟، ئایا ئه و یەک ملیار دۆلارەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا لە کۆمپانیاکە وەرگیراوه و گرێبەستی بۆ کراوە چی لێهات؟ چی گەرەنتییەک هەیە چارەنووسی ئەم پارەیە وەک ئه و شەش ملیار دۆلاری بەخشین (شیرینی)ی کۆمپانیاکانی لێنایەت کە لەبانکیHSBC دانرابوو دواتر له و بانکە دەرهێندراو چارەنووسەکەی نادیارە.
ئەم ڕێککەوتنە بەشێکی سیاسییه و پەیوەندی بە هاوکێشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە هەیه و لێکەوتەی دەبێ، کێ بەرپرسیارییەتی ئەم لێکەوتانە هەڵدەگرێت.
بەشێکی ئەم ڕێککەوتنە بۆ نەوتی کەرکووکە، ئایا گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کراوە؟ ئەگەر حکومەتی ناوەندی گرفتی دروستکرد چۆن مامەڵەی لەگەڵا دەکرێت؟�لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ئەم جۆرە لە سیاسەتی حوکمرانی ژیانی ئێستای خەڵکی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوه و ئایندەش خراپتر دەکات، ناتوانین چی دیکە بێدەنگبین لە برسیکردنی هاوڵاتیانی کوردستان و نەمانی خزمەتگوزاری و قەرزارکردنی خەڵکی کوردستان.
فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان یەکگرتووی ئیسلامی کۆمەڵی ئیسلامی بزوتنەوەی ئیسلامی
03-06-2017