ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی #گەرمیان# ڕایدەگەیەنێت، کە لە سەرەتای ساڵی 2017ەوە، لە سنوری گەرمیان حەوت کەس بە هۆکاری جیاجیا خۆیان کوشتووه و پێنج کەسی دیکەش کوژراون، توێژەرێکی دەرونیش نەبوونی ئیرادەی بەهیز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان بە هۆکارێکی پەنابردن بۆ خۆکوشتن دەزانێت.
ئامارەکانی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆ کوشتن لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە و بەپێی ئامارێک، کە لە ڕائید عەلی جەمال قەدوری، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانەوە تایبەت دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، لەسەرەتای ساڵی 2017ەوە، تا ئێستا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، حەوت کەس بە هۆکاری جیاجیا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و دوو کەس بە کوشتنی مەبەستدار و سیانی دیکەش بە هەڵە کوژراون.
بە وتەی عەلی جەمال، لەو ئامارە دوانیان بەهۆی قەرزاری و قەیرانی دارایی، دوانی تریان بە هۆی نەخۆشی دەروونی، دوانیان بەهۆی بە هەڵە بەکارهێنانی چەک و یەکێکی تریان بەهۆی کێشەوە لە خوێندنگادا، خۆیان کوشتووە.
هەروەها، ئاسۆ خەلیل، توێژەری دەروونی، بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی زیادبوونی خۆکوژی لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە و بە ڕۆژنیوزی وت: قەیرانی دارایی، پەروەردەی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، گوێنەگرتن بۆ منداڵەکان لەلایەن خێزانەوە لەو هۆکارانەن، کە وا دەکات ئەو کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.
ئاسۆ خەلیل، وتیشی: کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و کێشە و گرفتەکانی ڕۆژانە خەڵکی بێ ئرادە کردووە و ناتوانن چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، دەرئەنجام کەسانیک پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
لەبارەی هۆکاری پەنابردنی خوێندکاران بۆ خۆکوشتن، لە کاتێکدا کە هێشتا لە تەمەنێکی کەم-دان، ئەو توێژەرە دەرونییە وتی: هۆکاری سەرەکی ژینگەی ماڵەوەیە، کەهۆشیارییان نییە لە مامەڵەکردن دەرهەق بە نەوەکانیان و بەهۆی ڕەفتارێکی نەشیاوی منداڵەکەیان یان دەرنەچوونیان لە وانەیەک هێرش دەکەنە سەری و سەرزەنشتی دەکەن.
ئاسۆ خەلیل، توێژەری دەرونی، ئاماۆژگاریی دایکان و باوکان-ی کرد کە گوی لە ڕۆڵەکانیان بگرن و کیشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، هەروەها بە گرنگی زانی کە هاوڵاتیان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی گرفتەکان ببنەوە و بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ خۆکوشتن نەبەن.
بەپێی ئامارێکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان له مانگی ڕابردوودا 24حاڵەتی کوشتن، نۆ حاڵەتی خۆکوشتن، شەش هەوڵدان بۆ کوشتن، لە هەرێم تۆمارکراون.
06-06-2017