ڕۆژنیوز - بەرهەم لەتیف
ڕێگای نێوان #کەلار# - سلێمانی، کە بە ڕێگای مەرگ ناسراوە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ مەرگی بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر ئەو ڕێگایە هاتوچۆ دەکەن، لەساڵی 2013وه پرۆژەی بە جوت سایدکردنی ئەو ڕێگەیە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، کارکردن لەو پرۆژەیە وەستاوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی گەرمیان، تەنها لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا، 95 ڕوداوی هاتوچۆ لە سنوری گەرمیان ڕویانداوە، بەهۆیانەوە 23 کەس گیانیان لەدەست داوە و 80 کەسیش بریندار بوون، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2016، 77 ڕوداوی هاتوچۆ ڕوویداوە، بەهۆیانەوە 13 کەس گیانیان لەدەست داوە و 137 کەس بریندار بوون، بەوەش ڕێژەکان ڕوویان لە زیدبوون کردووە.
شۆفێران و هاوڵاتیانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، نیگەرانی خۆیان لە ئاوڕ نەدانەوە لە ڕێگای کەلار - سلێمانی دەردەبڕن، شۆفێران هۆکاری زۆربوونی ڕوداوەکانی هاتوچۆ بۆ خراپی ڕێگەکە دەگێڕنەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان-یش هۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بەڕێنماییەکانی هاتوچۆ دەگێڕنەوە.
مەحمود محەمەد، شۆفێر لە هێڵی تاکسی نێوان کەلار - سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز وتی:ڕێگای نێوان کەلار - سلێمانی زۆر خراپە، چاڵ و چۆڵییەکی زۆری تێدایە، لەگەڵ ئەو چاڵ و چۆڵییانەشدا، تاسەیەکی زۆر دانراوە، حکومەت پارەی هەیە کامێرای پێ بکڕێت و لە ژێر دار-دا دایبنێت و غەرامەی هاوڵاتیان بکات، بەڵام پارەیان نییە ڕێگاوبانەکە نۆژەن بکەنەوە.
محەمەد عەلی، شۆفێرێکی دیکەی هەمان هێڵ بوو، بە ڕۆنیوزی وت:ڕێگای نێوان سلێمانی - کەلار تێکچووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، جادەکان چاڵوچۆڵی زۆری تێدایە، ئۆتۆمبێل خۆی لە چاڵ و چۆڵییەکان لادەدات، بەهۆی ئەوەوە توشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێگەیە نۆژەن بکاتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک کەم ببێت بەقوربانی ئەو ڕێگەیە.
لایخۆشییەوە، عەمید عەبدولناسر ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی گەرمیان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماری ڕوداوەکانی هاتووچۆی لە سەرەتای ئەمساڵەوە خستەڕوو، ڕایگەیاند:لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 95 ڕووداوی هاتووچۆ لە سنوری گەرمیان ڕوویداوە، 23 کەس گیانی لەدەست داوەو 80 کەسیش بریندار بوون، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2016، 77 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە، بەهۆیانەوە 13 کەس گیانیان لەدەست داوەو 137 کەسیش بریندار بوون.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەش کرد:هۆکارێکی زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە سنوری گەرمیان، یەک سایدی ڕیگەکانە و بوونی لۆدێکی زۆرە لەسەر ئەو ڕێگە یەک سایدانە، ڕاستە ڕێگەکانی چەندجارێک نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام بەڕاستی چاڵ و چۆڵی زۆری تێدایە، ئەوەش دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕوداوەکانی هاتووچۆ.
عەبدولناسر، دەشڵێت:پابەند نەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی ڕوداوەکان، لەسەر شەقامەکان ڕینمای هاتوچۆ دانراوە، بەڵام شۆفێران پێوەی پابەند نابن، ماتۆڕ سکیلیش هۆکارێکی سەرەکی ڕوداوەکانی هاتوچۆیە.
بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو:مانگانە نزیکەی 200 کەس مۆڵەتی شۆفێری دەردەهێنن، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری کەمی کردووە، ئەوەش بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وتبوو:قەیرانی دارایی بووەتە هۆکاری سەرەکی ڕاوەستانی ئیشوکار له پرۆژەی جوت سایدکردنی ڕێگای نێوان کەلار - سلێمانی.
06-06-2017