ڕۆژنیوز- ئاشتی ئەحمەد
جوتیارانی #چەمچەماڵ# نەبوونی سەیلۆ بەگرفت دەزانن لەسنورەکەدا و داوای کردنەوەی دەکەن بۆ ئەوەی بەروبومەکانیان نەنێرن بۆ سایلۆکانی دیکەی هەرێم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چەمچەماڵیش دەڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەی دروستکردنی سایلۆی چەمچەماڵ تەواو نەبووە.
هەموو ساڵێک لە وەرزی دروێنەدا، جوتیارانی سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیگەرانی دایان دەگرێت، چونکە هیچ سایلۆیەک لە سنورەکەیاندا نییە، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان-ی تێدا هەڵبگرن.
عاسی حسێن، وەک جوتیارێکی سنورەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی:بەهۆی نەبوونی سایلۆوە بەروبوومەکانمان لەبازاڕی ڕەشدا ساغی دەکەینەوە ئەویش بەپارەیەکی کەم یاخود بەقەرز، جوتیار بەهای گەنمەکەی ئەوندەیە بیدات بە کرێی گواستنەوە و سەرەگرتن بۆ سایلۆی سلێمانی.
عاسی حسێن، داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد، کە سایلۆیەک لە سونەرەکەدا بکاتەوە و بنەتۆو و سەمادی کیمیاییان بۆ دابین بکات.
لە بەرامبەردا، عیسا شێخ جەلال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چەمچەماڵ بۆ ڕۆژنیوز وتی:پرۆژەی دروستکردنی سایلۆی چەمچەماڵ ماوەی چەند ساڵێکە دەستیپێکردووە و دەبوایە لەساڵی 2015 بە کۆتا بگەشتایە، بەڵام تەواو نەکراو بەهۆی قەیرانی دارییشەوە ماوەی تەواوکردنی پرۆژەکە چەند جارێک درێژکراوەتەوە و دوا مۆڵەت کۆتایی ئەمساڵە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چەمچەماڵ، وتیشی: ئەمساڵ-یش ناتوانین گەنم و جۆی جوتیاران وەربگرین و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەبێت جوتیاران گەنم و جۆکانیان ببەن بۆ سایلۆی سلێمانی، کە ئەوەش بارگرانی قورساییەکی زۆر لەڕووی ئابورییەوە دەخاتە سەر جوتیاران.
عیسا شێخ جەلال، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەم ساڵ نزیکەی 360 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم له سنوری چەمچەماڵ-دا چێندراوە، هەروەها نزیکەی 150 هەزار دۆنم زەوی به جۆ چێندراوە ئەوەش وادەکات بەروبوومێکی زۆر لەناوچەکە بەرهەم بێت.
08-06-2017