محەمەد عەلی وەلی
ئەندامیکی لیژنەی دیاریکردنی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات بۆ دیاریکردنی پشکی پارێزگاکان، لیژنەیەکی بەرفراوان کۆبۆتەوه و هۆکارەکانی کەمبوونەوەی پشکی پارێزگای #سلێمانی# ڕوندەکاتەوە.
جاسم محمد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دروستکردنی #دانەوێڵە# لە عێراق و ئەندامی لیژنەی دیاریکردنی پشکی پارێزگاکان بۆ وەرگرتنی گەنم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دواڕۆژ وتی لەبەر دوو هۆکاری گرنگ دەمانەوێت بەروبوومی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا بێت و بۆ دەرەوە نەڕوات، ڕازیش نابین لە وڵاتانی دەرەوە دانەوێڵەمان بۆ بێت، چونکە ناکرێت گەنم وەربگرین و دوای نەتوانین پارەکەی بدەین.
راشیگەیاند بۆیە دەبێت خوێندنەوەی واقعیمان هەبێت بۆ بەروبوومی دانەوێڵە لە هەرێم و سەرجەم پارێزگاکانی تریش، هەموو ئەمانەشمان لەگەڵ نوێنەری هەرێمدا باس کردووە.
رونیشیکردەوە دوای کۆبوونەوەکە و دیاریکردنی پشکی هەرێم و پارێزگاکان، نوێنەری هەرێم ئیمزای لەسەر کۆنوسی کۆبوونەوەکە نەکرد، چونکە ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەردراوە بە دڵی نەبووە.
جاسم محمد، سەبارەت دیاریکردنی پشکی هەرێم لە وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی وتی ئێمە بۆ پارێزگاکانی تر ساڵی 2008 و 2009 کە بەرووبووم باشبووە کردوومانە بە پێوەر، ساڵی 2010 و 2011 کە وشکەساڵی بووە هەڵاوێرمان کردووو، ساڵانی دوای ئەوەش بە دەست داعشەوە بوون هەژمارمان نەکردوون، بۆیە بۆ هەرێم ساڵانی 2010 2012مان کردووەتەوە پێوەر، چونکە ئەو ساڵانە باشترین بەرهەمیان هەبووە.
وتیشی هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر بەروبوومی گەنمی هەرێم بۆمان دێن دەڵێن ساڵانە 250 350 هەزار تەن گەنم بەرووبوومی هەیە، بەڵام نوێنەری هەرێم باسی لە یەک ملیۆن تەن زیاتر دەکرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد سەرۆکی لیژنەش داوای بەڵگەی لە نوێنەرەکەی هەرێم، بەڵام بەڵگەی بەهێز و تەواوی پێنەبوو، بە پێی پێوەرو نەخشەی کشتوکاڵی ئەو ڕوبەرانەی کە چێنراون هەژمارکرا، بەوەش لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی نوێنەرەکەی هەرێم دەیگوت نەدەگونجا، بۆیە ڕێژەکە بە پشتبەستن بۆ ئەو ساڵانەی دیاریکراوە بۆ هەرێم سەرووی 400 هەزار تەنمان دیاریکردوو، لەسەرووی ئەو بڕەش لە 5%مان بۆ هەرێم کەمکرد.
08-06-2017