خەندان- سۆران ئەمین
کۆمپانیای گازپرۆم نەفت کە لقێکی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیای زەبەلاحی گاز پڕۆمی ڕوسی-یە ڕایگەیاند، لە پێشنیارێک دەکۆڵێتەوە سەبارەت بە بەرفراوانکردنی چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش هاوشێوەی هەنگاوێکی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی-یە
گازپڕۆم لە ئێستادا لە سێ پڕۆژەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، کە تیایدا بەشدارە لە پڕۆسەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا، لە عێراقیش گازپڕۆم نەفت لە کێڵگەی نەوتی بەدرە کاردەکات، کە تیایدا ڕۆژانە 77 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
ڤادیم یاکۆڤیلف جێگری یەکەمی بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپڕۆم نەفتی ڕوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەیان چاومان لە ئەگەرەکانی زیاترکردنی دۆزینەوە و پشکەکانمانە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، پێشنیاری لەوجۆرەمان خراوەتە بەردەست.
یاکۆڤیلف ڕەتیکردەوە باسی پڕۆژە نوێکانیان بکات لە هەرێمی کوردستاندا.
2ی ئەم مانگە، کۆمپانیای ڕۆزنەفت-ی ڕوسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بیست و یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی ئابوری پیترسبۆرگ چەندین دۆکۆمێنت و ڕێککەوتننامەی یاساییان واژۆکرد، لەبارەی فراوانکردنی هاوکاریەکانیان لەبواری دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت.
یاکۆڤلیف ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای گازپڕۆم لە نێو بەرهەمهێنەرە نەوتییە ڕوسیەکاندا خێراترین گەشەی هەیە لە ڕووی قەبارەی بەرهەمهێنانەوەو دەیەوێت پشکەکانی زیادبکات لە پڕۆژەی خۆرئاوای سیبریادا کە خاوەنداریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای ڕیپسۆلی ئیسپانی.
کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی دوای واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، هەردوولا ڕێککەوتون لەسەر درێژە پێدانی پڕۆژەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕووبەڕی کوردستانی عێراق و چەندین ڕێککەوتنیان واژۆکردووە لەبارەی دابەشکردنی بەرهەمەکان.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئیمزاکردنی ئەو دۆکۆمێنتانە دەبێتە هۆی چاکسازی لەدۆخە بنەڕەتیەکانی پڕۆژەکان کە ئامانج لێی بریتییە لە دروستکردنی پڕۆژەی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستی دوور مەودا لەبواری بنیاتنانی پڕۆژەی ژێرخانی کوردستانی عێراق.
رونیشکردبووەوە، ڕۆزنەفت دەسکەوتەکانی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە گەورەترین سیستمی گواستنەوەی ناوچەیی بگرێتەدەست کە تواناکەی 700 هەزار بەرمیلە لە شەوو ڕۆژێکدا، لەگەڵبونی پلان بۆ زیادکردن بۆ ئاستی یەک ملیۆن بەرمیل لە کۆتایی ساڵی 2017 دا.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، کۆمپانیا مامناوەندەکانی وەکو گێنڵ ئنێرجی پێشەنگی بەرهەمهێنانی نەوت بوون لە هەرێمی کوردستاندا، تا ئێستاش کۆمپانیا گەورەکانی وەکو ئیکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن لە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا لەهەرێم بەردەوامن.
09-06-2017