بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی #ئیدارەی گەرمیان#، دوائاماری ئه و ئاوارانەی لە سنووری گەرمیان ماونەتەوە، تا مانگی 5 ی ئەمساڵ گەیشتووەتە 47 هەزار ئاوارە. بەڕێوەبەری #نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی#ش باس لەوە دەکا، بە فەرمی ئه و پەیامەیان داوە بە ڕێکخراوە جیهانییەکان و حکوومەتی ناوەند، بەرپرسێکی کوردیش لە #پارێزگای سەڵاحەدین# ڕای دەگەیەنێ کە درێژەکێشانی ڕزگارنەکردنی حەویجە بۆ هەرێم مەترسییە و دەبوو بەر لە موسڵ شەڕی ئازادکردنی حەویجە بکرایە.
#چیا حوسێن#، بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی کۆچ و کۆچبەران، بە تایبەت بە (باس)ی ڕاگەیاند: یەکێک لە کێشەکانی بەردەم وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان پەیوەندی بە کێشەی مەزهەبییەوە هەیە، چونکە زۆرینەی ڕەهای ئه و ئاوارانەی کە ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان گیرساونەتەوە سوننەن و چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانیاندا باڵادەستن“.
گوتیشی: بەشێک له و ئاوارانەی ئێمە ڕۆژانە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، پێمان دەڵێن ناگەڕێینەوە، لەبەر ئەوەی لە سەروماڵی خۆمان دڵنیا نین. خاڵێکی تریش پەیوەندی بە نەبوونی خزمەتگوزاری و کارەبا و ئاو و ئه و پێداویستییانەوە هەیە کە مرۆڤ ئەگەر ئاوارەش نەبێ پێویستی پێیەتی“.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی کۆچ و کۆبەران ڕاشی گەیاند: لەدوای ڕزگارکردنی یەکجاریی مووسڵ و کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە، بیانوویەک نامێنێ بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەم پەیامەش دراوە بە ڕێکخراوە جیهانییەکان و حکوومەتی عێراق“.
ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، هۆشداری دەدا لە دواکەوتنی پرۆسەی ڕزگارکردنی حەویجە، کە بەشێکی بەرچاوی ناوچە کوردستانییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
لای خۆشیەوە، #بێستوون ژاڵەیی#، بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، بە (باس)ی ڕاگەیاند: لەماوەی پێنح مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 10 هەزار ئاوارە سنووری ئیدارەی گەرمیانیان بەجێ هێشتووه و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ناوچە جیاجیاکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق“.
گوتیشی: ئێمە به ژمارەی ئاوارە قسە دەکەین نەک خێزان، تا ئێستا 47 هەزار ئاوارە لە سنووری گەرمیان ماونەتەوە“.
ئه و بەرپرسەی ئیدارەی گەرمیان نەیشاردەوە، سەرجەمی ئه و ئاوارانەی کە ماونەتەوە لە ناوچەکەدا سوننە مەزهەبن و بە ئاشکرا دەڵێن بەهۆی میلشیا شیعەکانەوە ناگەڕێینەوە زێدی خۆمان.
(باس) چەند ئاوارەیەکی سنووری گەرمیانی دواند و ئەوان دەیان گوت لە ترسی داعش هەڵاتووین و لە ترسی حەشدی شەعبی ناگەڕێینەوە زێدی خۆمان.
عەبدوڵا ڕەحیم، یەکێک لە ئاوارەکانی سنووری دیالە بۆ (باس) پێداگری لەسەر ئەوە کرد، بۆ ئەوان وەک ئەهلی سوننە هیچ جیاوازییەک نابینن لەنێوان داعش و حەشدی شەعبی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”پرسیار لە هەر ئاوارەیەک بکەیت پێی خۆشە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، له و باوەڕەش دام هیچ جێگەیەک وەک جێگەی لەدایکبوونی خودی مرۆڤ خۆش نەبێت بۆ ژیان بەسەربردن، بەڵام ڕۆحیش خۆشەویستە وا دەترسین بگەڕێینەوە“.
حەسەن ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لەسەر لیستی برایەتی و پێکەوەژیان، کە تاکەنوێنەری شارۆچکەی خورماتووە له و ئەنجومەنە، بە (باس)ی ڕاگەیاند: جوگرافیای حەویجە وا هەڵکەوتووە که ناوچەیەکە نزیکە لە کەرکووک و خورماتوو و پارێزگای سەڵاحەدین و مووسڵ، بۆیە جێگەیەکی زۆر ستراتیژییە بۆ داعش“.
گوتیشی: دەبوو لەبەر گرنگیی پێگە جوگرافییەکەی، پێشتر هەنگاو بۆ ئازادکردنی حەویجە بنرایە، دواتر بۆ مووسڵ“.
ئه و ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین نەیشاردەوە، کە سەرچاوە هەواڵگرییەکانمان باس لەوە دەکەن چەکدارانی داعش لە حەویجەوە ڕووە و ناوچەکانی مووسڵ و سنووری کەرکووک و دیالە هاتوچۆ دەکەن و نێوانی دیالە و سەڵاحەدینیان کردەوە بە مەیدانی تراتێنی خۆیان.
10-06-2017