دواڕۆژ، عیماد جەباری
لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان، هەردوو فەرمانگەی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکانی #کەرکووک# لێدوان جیاواز و دژ بەیەک دەدەن و یەکتریش تۆمەتبار دەکەن.
فەرمانگەی ئاوی کەرکووک لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا داوای لەدانیشتوانی شارەکە کردووە دەست بەئاوەوە بگرن و زیادەڕۆیی نەکەن بەهۆی کەمبوونەوەی لەسەدا 50ی ڕێژەی ئاو لەوێستگەو کەناڵەکانی ئاوی پرۆژەی کەیواندا کە پارێزگاکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمبونەوەی ئاو دەکاتەوە.
هیشام ئیبراهیم وتەبێژی فەرمانگەی ئاوی کەرکووک بەدواڕۆژی وتلەکاتی کەمبوونەوەو دابەزینی ڕێژەی ئاوی کەناڵەکان دەستبەجێ ئەو تڕومپایاننەی ئاویان پێناگات دەکوژێنەوە، لەهەفتەی ڕابردویشدا کاتێک ڕێژەی ئاو بۆ لەسەدا 70 دابەزی، لەکۆی 6 ترومپە تەنها دووانیان بۆ دابینکردنی ئاوی کەرکووک کاریکردووە.
وتیشیلەلایەن کارمەندەکانمانەوە زۆربەی ئەو شوێنانەی زیادەڕۆیی لەسەر کرابوو بەمەبەستی ئاودێری زەوی کشتوکاڵی داخراون، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ڕێژەی ئاوەکە بەرزبکرێتەوە.
پرۆژەی سەرەکی ئاوی کەرکووک کەوتۆتە ناوچەی کەیوان و لەساڵی 1993 دروستکراوە، ساڵی 2015یش پرۆژەی ئاوی کەرکووکی یەکگرتوو دروستکرا بەتێچوی 93 ملیار دینار بووە.
شەهاب حەکیم بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک ڕەتیکردەوە بەو ڕێژەی باسدەکرێت ئاوی شارەکەی کەمیکردبێت و جەختی لەسەر کارکردنی بزوێنەرەکانی هەناردەکردنی ئاوی لەرێگای کەناڵەکانەوە پرۆژەی گەورەی ئاوی شارەکە کردەووە کە ڕێژەی زیاتری ئاویان گواستۆتەوە.
شەهاب حەکیم بەدواڕۆژی وتهیچ کێشەیەک لەئاوی کەرکووک و وێستگەکانی گواستنەوەکەشیدا نییە.
لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ، فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی وێستگەو کەناڵەکانی گواستنەوەی ئاوی بۆ پڕۆژەی گەورەی کەرکووک، وەک ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ وەرزی هاوین.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکان، نەیشاردەوە کە چەند کێشەیەک ڕوبەڕووی وێستگەکانی گواستنەوەی ئاوی شارەکە دەبنەوە، وتیرەوانەکردنی ئاو لەقەزای دوبزەوە بۆ پرۆژەی ئاوی کەرکووک لەکەیوان، بە دورایی 32 کیلۆمەتر، وایکردووە جوتیارەکان زیادەڕۆیی بکەنە سەر کەناڵەکان و بۆ ئاودێریی زەویەکانیان بەکاربهێنن.
وتیشیبەرزکردنەوەی ئاو لەو دوو وێستگەیەو میکانیزمی ڕەوانەکردنی بەو کەناڵانەدا، پێویستی بەوزەی کارەبایە و لەکاتی کوژاندنەوەی کارەباش بۆ یەک خولەک، دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە ماوەی سێ کاتژمێری دەوێت.
شەهاب حەکیم ڕونشیکردەوە سەوزبوونی گیای شومبوڵان یەکێکی دیکەیە لەکێشەکان، هەرچەندە لەرێگای ئامێرەکانمانەوە بەردەوام سەرقاڵی لەناوبردنی ئەو گیایەن لەکەناڵ و وێستەگەکاندا.
بەوتەی ئەندازیارەکانی ئاو، پرۆژەی دوبز کە ئەرکی هەناردەکردنی ئاوە بۆ پرۆژەی گەورەی کەرکووک، لەبنەڕەتدا بۆ دابینکردنی ئاوی 700 هەزار کەس دروستکراوە، بەڵام لەئێستادا ئاوی ملیۆنێک و 700 هەزار کەسی پێدابین دەکرێت، و بەهۆی کراوەیی کەناڵەکانشێوە بەردەوام زیادەڕۆیی لەسەر دەکرێت، کە ئەمە کێشەی سەرەکی کەمبوونەوەی ئاوی کەرکووکە.
09-06-2017