دواڕۆژ
کۆمپانیای گازپرۆم نەفت، باسکی سەرەکی بەرهەمهێنانی نەوت، لەکۆمپانیای زەبەلاحی غازی ڕوسی گازپرۆم، ڕۆژی هەینی 9ی حوزەیران ئاشکرای کرد، هاوشێوەی کۆمپانیای ڕوسنەفت، بەنیازە چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان فراوان بکات.
فادیم یاکوفلیف، جێگری یەکەمی بەرێوەبەری جێبەجێکاری گازپرۆم لە پەراوێزی کۆبونەوەی ساڵانەی کۆمپانیاکە بەرۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند بەچاوی گەشبینیوە دەڕوانینە دۆزینەوەکانمان لە کوردستان و چەند گریمانەیەکی دیکەش خراوەتە بەردەستمان.
لەوتەکانیدا یاکوفلیف هیچ کام لە پرۆژە نوێکانی لەهەرێمی کوردستان ئاشکرا نەکرد.
وتیشی لە ناو بەرهەمهێنەرە نەوتییە ڕوسییەکاندا، کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لەرووی گەشەندنەوە خێراترینە، بەنیازیشە پشکەکانی لە پرۆژەی خۆرئاوای سیبیریا زیاد بکات، کە لەلایەن کۆمپانیای ڕیبسوڵی ئیسپانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
گازپرۆم نەفت لە ئێستادا لە سێ پرۆژە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، هەروەها لە دەرەوەی کوردستانیش لە کێڵگەی بەدەرە لە باشوری عێراق کاردەکات، ڕۆژانەش توانای بەرهەمهێنانی 77 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمپانیای ڕوسنەفت ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆکرد بۆ دۆزینەوه و پەرەپێدانی پێنچ کێڵگەی نەوت لە کوردستان.
هاوکات ئەلیکسەندەر دیۆکوف، بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازپرۆم نەفت ڕایگەیاند کۆمپانیاکەیان پێشبینی دەکات پوختەی قازانجەکانیان لە ساڵی 2017 بەرزبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 2016 کۆی قازانجەکانیان گەیشتە 200 ملیار ڕۆبل (3.5 ملیار دۆلار) و دابەشکردنی 10.68 ڕۆبڵ بۆ هەرپشکێک.
10-06-2017