بەشداربووی #کورد ئایدڵ#
25 ساڵ /ئیستانبوڵ
لە منداڵییەوە کاری هونەری دەستپێکردووە، ئێستاش بەشداری بەرنامەی هونەری کورد ئایدل بووە،
خەڵکی #سێرت#ی #باکووری کوردستان#ە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورکەوە خێزانەکەی ناچاربوون لە ساڵی 1990دا بەرەو شارە گەورەکانی تورکیا کۆچ بکەن، جەنگیز لە منداڵییەوە سەرقاڵی کاری هونەری بووەو زۆربەی شوێنەکانی خاکی کوردستان گەڕاوە.
جەنگیز لە ڕێگای برایەکییەوە بەناوی 'باریش' بەرەو هونەر ڕاکێشراوە، براکەی جەنگیز بەهۆی ستەم و زۆرداری دەوڵەتی تورکەوە ناچاربووە لە دەریای ئیجەوە بەرەو ئەوروپا تێپەڕبێت، بەڵام لە ڕێگادا گیانی لە دەستدەدا.
ناوبراو بەمشێوەیە باس لە کۆچکردنی خێزانەکەی لە کوردستانەوە بۆ تورکیا دەکات:ئێمە بەهۆی چەند کێشەی سیاسی و فشارەکانی دەوڵەتی تورک ناچاربووین لە ساڵی 1990دا کوردستان بەجێبێڵین و بەرەو تورکیا بەڕێبکەوین، ژیان لە غەریبایەتی هیچ ئاسان نییە، بەهۆی ژیانی زەحمەتی ئاوارەیی نەمتوانی بەردەوام بم لە خوێندنەکەمدا و دەستم کرد بە کارکردن.
جەنگیز بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدەدا:من هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەوەی کارم دەکرد و دەسماڵم دەفرۆشت دەستم بە گۆرانی وتنیش کرد، مامۆستایەک کاتێک بینی چەندە تامەزرۆی هونەرم گیتارێکی بە دیاری پێدام، من بەو گیتارە خۆم فێڕی زۆرشتکرد، پاشان دەستم کرد بە مۆزیک ژەنین و گۆرانی وتن لە سەر شەقامەکان و کۆڵانەکان، ئێستا ئەوە دە ساڵە بەم کارەوە سەرقاڵم، هەموو کۆڵانەکانی ئەستەنبۆل گەڕاوم و گۆرانیم تێدا وتووە، ماوەی شەش ساڵیشە گۆرانی وتن بە زمانی کوردیم دەستپێکردووە، هەموو زمانی من گۆڕابوو و هیچم لە کوردی لە بیر نەمابوو، بەڵام هەوڵمداوە تا ئەمڕۆ کە کوردییەکەم باش بکەمەوە، ئێستا زۆر باشترم.
باسی لەوەشکرد:بەهۆی ئەوەی لە ئەستەنبۆل گۆرانی کوردیم دەوت، پۆلیسی تورک و فاشیستەکان ئاستەنگی زۆریان لە بەردەم دروستکردم، ئەوان هەم لە بواری دەروونی و هەم لە بواری جەستەییەوە سووکایەتیان پێدەکردم و ئەشکەنجەیان دەکردم، بەڵام کاتێک بە کوردی گۆرانیم دەوت هاوڵاتیانی کورد لە دەورم کۆدەبوونەوەو ئەوەش هەمیشە ورەی بەرز دەکردمەوە.
جەنگیز لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە بەرنامەی هونەری کورد ئایدڵ کردو وتی:کورد ئایدڵ بەرنامەیەکی باش و بەناوەڕۆکە، لێرە بە هەموو زاراوە کوردییەکان گۆرانی دەوترێت، من بە هەموو ستایلەکان دەتوانم گۆرانی بڵێم، پێیوستە کورد ئایدڵیش ئەو دەرفەتە پێکبێنێت کە هەموو زاراوە کوردییەکان وهەموو ستایلە مۆزیکەکان لەناویدا پێشکەش بکرێن، ئەو ڕۆژە بەیەکەوە سرودێکی نەتەوەییمان وتەوە، هەڤاڵانی ڕۆژهەڵاتیمان لەوێ بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی ئێڕان زۆر هەستیار بوون، لێرە زاراوەکانی یەکدی فێردەبین و ستایلە مۆزیکەکانی ناوچەکانی خۆمان بەیەکدی دەناسێنین، کاتێک لە کورد ئایدڵ بە کوردی گۆرانیم وت چاوەکانم فرمێسکیان لێ باری.
جەنگیز ئێستا لە بەرنامەی کورد ئایدڵ کە لە کەناڵی ئاسمانی کوردسات-دا پەخش دەکرێت، گەیشتووە بە قۆناغەکانی پەخشی ڕاستەوخۆ، کە لە زیاتر لە هەزار بەشداربوو، کەمتر لە 20 بەشداربوو لە پێشبڕکێی بەرنامەکەدا ماونەتەوە.