خەندان- هەڤاڵ محەمەد
وتەبێژی #کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم# ڕایگەیاند، ئەنجومەنی کۆمیسیۆن کۆدەبێتەوه و تاوتوێی بودجەی خەمڵێنراو بۆ ڕیفڕاندۆم دیاریدەکات کەبڕیارە 25ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
بڕیارە کۆبوونەوەکە سبەی دووشەممە بەڕێوەبچێت، تێیدا کۆمیسیۆن داوای دیاریکردنی بڕی بودجەی خەمڵێنراو ئاڕاستەی #سەرۆکایەتی هەرێم#ی بکات.
شیروان زرار وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەخەندان-ی ڕاگەیاند، سبەی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی باڵا کۆدەبنەوه و گفتوگۆ لەسەر بودجەی خەمڵێنراو بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم دەکرێت و بڕەکەی دیاریدەکرێت و دواتر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا نازانن بڕی بودجەی خەمڵێنراو بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم چەندە، ساڵی 2013 بڕی 37 ملیار دینارمان داوا کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێم بڕی 22 ملیار دیناری پەسەندکرد.
حەوتی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و 15 لایەنی سیاسی هەرێم (جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی) لە پیرمام بڕیاردرا ڕۆژی 25 ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفڕاندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
8ی ئەم مانگە، مەسعود بارزانی بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (106) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لەهەرێمی کوردستاندا.
لە فەرمانەکەی بارزانیدا هاتووە بەهۆی بەردەوامی حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی ئێراق لەسەر سیاسەتی پێشێلکردنی دەستوور و پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کوردستان و دوابەدوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ ڕا و ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ئەوەی بڕیار بدەن لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆیان بە ئەنجامدانی ئەم ڕاپرسییە.
بەوتەی فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە فەرمانەکەدا بارزانی بڕیاریداوە پڕۆسەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدرێت، لە ڕاپرسیەکەدا پرسیار لەوە بکرێت کە ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
11-06-2017