وەزیری #کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێم خاوەنی ئاردو نانی خۆی نییه و داوای لەحکومەتی هەرێم کردووە بودجەیەک تەرخانبکات بۆ کڕینەوەی بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی.
عەبدولستار مەجید ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، داوایان لەبەغدا کردووە بڕی ئه و گەنمەی لەهەرێمی کوردستانی وەردەگرێت زیادیبکات، چونکە بڕێکی کەمی بۆ هەرێم دیاریکردووە.
وەزیری کشتوکاڵ وتی ئێمە خاوەنی ئاردو نانی خۆمان نین، داوام لە حکومەتی هەرێم کردووە بودجەیەک تەرخانبکات بۆ کڕینەوەی بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی تا ئاسایشی خۆراکمان پارێزراو بێت.
عەبدولستار مەجید وتیشی کە بەغدا دەیەوێت زیان لەهەرێمی کوردستان بدات و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەغدا لەسەر کێشەی وەرگرتنی گەنم قسەیکردووە.
هەروەها داوایکرد کە کێشەی جوتیاران تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
ئه و وتانەی وەزیری کشتوکاڵ لەکاتێکدایە، دوێنێ ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق و کوردستان، داوای پێداچوونەوەیان کرد بەوەرگرتنی بەشەگەنمی پارێزگاکانی هەرێم.
مەحمود ڕەزا پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندبوو، نوسراوێکیان ئامادەکردووه و ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی دەکەن بۆ ئەوەی پێداچونەوە بەپشکی گەنمی پارێزگاکاندا بکرێتەوە.
رونیشیکردبووەوە وەکو چۆن حکومەتی ئیتیحادی غەدری کردووە، کشتوکاڵی هەرێمیش غەدری لەسلێمانی و هەولێر کردووە، پشکی سلێمانی لەرێژەی لەسەدا 17ی گەنم کە دەبێت ئەمساڵ ڕادەستی بکات 224 هەزار تەنە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە 115 تەنی بۆ دانراوە، هەولێر 151 تەنی بەردەکەوێت بەڵام 139 تەنی بۆ دانراوە، بەڵام دهۆک کە دەبێت 82 هەزار تەنی بۆ دیاریبکرێت، 175 هەزار تەنی بۆ دانراوە.
مەحمود ڕەزا ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگای دهۆک 82 هەزار تەن گەنمی بەردەکەوێت، بەڵام 175 هەزار تەن گەنمی بۆ دانراوە.
12-06-2017