خەندان-دانا تەیب مەنمی
لوئەی خەتیب، مامۆستا لەسەنتەری سیاسەتی ووزەی جیهانی سەربە زانکۆی کۆڵۆمبیا، ڕایدەگەیەنێت، هەناردەی نەوتی هەرێم ئیستا ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیله و سەختە، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەکردن دوو هێندەبکرێت.
ئه و وتانەی لوئەی خەتیب لەچاوپێکەوتنێکدا دێت لەگەڵ خەندان، کە ئەمڕۆ دەقەکەی بڵاو دەکرێتەوه و ئاماژەی بەوەکردووە، هاتنی ئەم دواییەی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی زەبەلاحی ڕوسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکە بۆئەوەی هێشتا زۆرینە متمانەی ماوە.
بە بڕوای ئەو، هاتنی ڕۆز نەفت زۆر پێویستە لەدوای ئەوەی قەیرانی داعش و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا وەک ئیکسۆن مۆبیل و شێڤرۆن قەبارەی وەبەرهێنانی خۆیان لەناوچەکانی گرێبەستەکانی خۆیان بۆ نیوە کەمکردەوە.
بەکورتی سوودی زۆر خێرای هاتنی ڕۆز نەفت بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لەدوای ڕێکەوتنەکەیان، بریتیە لە پڕکردنەوەی ئه و بۆشاییەی کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بەجێیان هێشتبوو دوای کشانەوەیان لە ژمارەیەکی زۆر لە بلۆکی نەوتی، بۆ پاراستنی موڵک و سامانی ناوچە جێناکۆکەکانلوئەی خەتیب وادەڵێت.
کۆمپانیای ڕۆزنەفت-ی ڕوسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بیست و یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی ئابوری پیترسبۆرگ لە 2ی ئەم مانگە، چەندین دۆکۆمێنت و ڕێککەوتننامەی یاساییان واژۆکرد، لەبارەی فراوانکردنی هاوکاریەکانیان لەبواری دۆزینەوەو دەرهێنانی هایدرۆ کاربۆن و بازرگانی و کارە لۆجستییەکان.
کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی دواتر بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا ئەو دۆکۆمێنتانە ئیمزا کراون کە لە پەراوێزی دیداری سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پۆتین و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کوردستانی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆکی مەکتەبی تەنفیزی – NK-PAO- ڕۆزنەفت ئیگۆر سێچین و وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی کوردی ئاشتی هەورامی، هەردوولا ڕێککەوتنامەی وەبەرهێنانیان ئیمزاکردووە کە لەو چوار چێوەیەدا پابەندو بەرپرسیاریەتیان لە ئەستۆ گرتووە بۆ گەشەپێدانی هاوکاریەکانی نێوانیان لەبواری دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت.
ئاماژەی بەوەکردووە، هەردوولا ڕێککەوتون لەسەر درێژە پێدانی پڕۆژەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕووبەڕی کوردستانی عێراق و چەندین ڕێککەوتنیان واژۆکردووە لەبارەی دابەشکردنی بەرهەمەکان.
هەروەها دەڵێت، ئیمزاکردنی ئەو دۆکۆمێنتانە دەبێتە هۆی چاکسازی لەدۆخە بنەڕەتیەکانی پڕۆژەکان کە ئامانج لێی بریتییە لە دروستکردنی پڕۆژەی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستی دوور مەودا لەبواری بنیاتنانی پڕۆژەی ژێرخانی کوردستانی عێراق.
رونیشکردووەتەوە، ڕۆزنەفت دەسکەوتەکانی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە گەورەترین سیستمی گواستنەوەی ناوچەیی بگرێتەدەست کە تواناکەی 700 هەزار بەرمیلە لە شەوو ڕۆژێکدا، لەگەڵبونی پلان بۆ زیادکردن بۆ ئاستی یەک ملیۆن بەرمیل لە کۆتایی ساڵی 2017 دا.[1]
12-06-2017