رووداو - سلێمانی
لە باشووری کوردستان ساڵانە نزیکەی شەش تۆن برنج بەرهەم دەهێندرێت و تەنیا لە 3%ی پێداویستی نێوخۆ پڕدەکاتەوە، بۆیە لە 97%ی برنج هاوردە دەکرێت.
رێژەی برنجی هاوردەکراو ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 200 هەزار تۆن، بەرزی نرخی برنجی کوردیش وایکردووە خەڵک کەمتر توانای کڕینی برنجەکەی هەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی و وشکە ساڵی لە ساڵانی ڕابردوودا بە دوو هۆکاری سەرەکی دەزانن بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی برنج لە ناوخۆدا.
بەرزی نرخی برنجی کوردی لەنێو بازاڕەکاندا وایکردووە کە هاونیشتمانیان کەمتر سەودای ئەو بەرهەمە خۆماڵییە بکەن، جۆری زۆری و ناوی جیاوازی برنجی هاواردەکراو هەروەها کەمی نرخەکەی وایکردووە کە پڕفرۆشترین برنج بێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە شەش هەزار تۆن برنج بەرهەمدەهێرنێت، کە 3%ی پێویستی ناوخۆ دابین دەکات، بەمەش 97%ی برنج لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، هەربۆیەش نزیکەی 100 کۆمپانیا ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار تۆن برنج لە وڵاتانی هیندستان، پاکستان، ڕووسیا و ئەمریکا 50 جۆری برنج هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
13-06-2017