لەمیانی هەوڵە بەردەوامەکانی لایەنە سیاسییەکان بەگشتی و #یەکێتی نیشتمانی کوردستان# بەتایبەتی بۆ کاراکردنەوەی #پەرلەمانی کوردستان# و داکۆکی هەمەلایەنە بۆ کاریگەری کاراکردنەوەی پەرلەمان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چۆنیەتی گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمڕۆ 13-06-2017 لە شاری هەولێر وەفدی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی #کۆسرەت ڕەسول# عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دوور لە چاوی کامێرا کۆبوونەوه و بیروبۆچوون و بنچینەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانیان گەڵاڵەکرد، سەرەنجام دوای گفتوگۆیەکی بەرپرسانە لەسەر پرسە سەرەکییەکانی نیشتمانی و کوردایەتی کۆمەڵێک بۆچوونی هاوبەشی مێژوویی ساغکرانەوە، هەرە گرنگیان کاراکردنەوەی پەرلەمان و کردنەوەی پەرلەمانیشە بە دەستەی سەرۆکایەتی فەرمی پەرلەمانەوە.
ئێمە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناڵێین مژدەبێ بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو وەک ئەرکی یاسایی و سیاسی و دیموکراسی خۆمان توانیبێتمان لە کۆبوونەوە گشتییەکانی هێزە سیاسییەکان و کۆبوونەوە تایبەتییەکانی یەکێتی و پارتی و کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان هەروەها لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی توانیومانە بڕیار و پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە شێوەیەکی گونجاوی دوور لە هەڵچوون و داچوون و موزایەدەی سیاسی ئارام ئارام بگەیەنین و بیگەیەنینە ئەنجام.
ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە باشە هەنگاوی باشتری بەدواوەبێ و هەموو پێکەوە لەناو هۆڵی شەرعی پەرلەمان وەک باڵاترین مەرجەعی یاسادانان دوور لە گۆشەگیری حزبایەتی ئەرکە سیساسی و یاسایی و دیموکراتییەکانمان ڕاپەڕێنین، هاوکات حکومەتیش یەکبگرێتەوە بە ئومێدی ئەوەی هەموومان پێکەوە کێشەی تەنگ پێهەڵچنراوی گوزەرانی خەڵک چارەسەر بکەین و زەمینەیەکی ڕەخساو بۆ ڕیفراندۆمێکی کۆدەنگی نیشتمانی کە پەرلەمان پەسەندی بکات و بەهەموو لایەک جێبەجێی بکەین.
بە شایەنی گەلەکەمان و ئەرکی خۆمانی دەزانین جەخت بکەینەوە کە ڕێککەوتن لەسەر وردەکاری ئەم بڕیارە گشتییانە ئەرکی نەتەوەیی و یاسایی و کۆمەڵایەتی هەموو لایەکمانە، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە بە قۆناغێکی سیاسیا تێدەپەڕێ، کە ئەگەر و نیگەرانی سیاسی ئیقلیمی جۆراوجۆری تیایە، بە تایبەتی دوای شەڕی داعش.
13-06-2017