دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەرپرسێکی باڵای #وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم# ڕایدەگەیەنێت، #وەزارەتی بازرگانی عێراق# بڕیاریدا گەنمی ناوچە کێشە لەسەرەکانی لەسەر هەولێر هەژمارنەکات و بەجیا گەنمی ئەو ناوچانە وەربگرێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەسەر داواکاری وەزارەتی بازرگانی هەرێم، حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەبڕیوە کە گەنمی ناوچە کێشە لەسەرەکان لەسەر هەولێر هەژمارنەکات و بەجیا وەری بگرێت.
وتیشی ئاگاداریان کردووینەتەوە کە گەنمی ناوچەکانی مەخمور و گوێر و ناوچەکانی تر بەجیا وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاریداوە 160 هەزار تەن گەنمی ئەو ناوچانە لەسایلۆی مەخموور وەربگرێت.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا، تەنیا 151 هەزار و 148 تەن گەنمی هەولێر و 115 هەزار و 884 تەن گەنمی سلێمانی و 175 هەزار و 673 تەن گەنمی دهۆک لە جوتیاران وەربگرێت.
هاوکات بۆ ئەمساڵ، عێراق نرخی پلەکانی گەنمی کەمکردۆتەوە، بەجۆرێک ساڵی پار نرخی یەک تەن گەنمی پلە یەکی بە 700 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ بە 560 هەزار دینار وەریدەگرێت، هەروەها پلە دوو ساڵی پار بە 600 هەزار دینار وەردەگرت کەچی ئەمساڵ بە 480 هەزار دینار وەریدەگرێت، نرخی پلە سێی لە 480 هەزار دینارەوە بۆ 420 هەزار دینار کەمکردووەتەوە.
14-06-2017