دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وتەبێژی #کۆمسیۆنی باڵا#، ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە ئاماری کۆتایی یەکلانەبۆتەوە بە دیاریکراوی کە چەند کەس مافی بەشداریکردنی هەیە لە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم، بەڵام لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار کەس و لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش زیاتر لە 2 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان هەیە.
شێروان زرار، وتەبێژی #کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی# لە #هەرێمی کوردستان# بە دواڕۆژی وت دەمانەوێت ئەو هەڵەیە ڕاستبکەینەوە کە باس لەوەدەکات کۆمسیۆن وتوویەتی تەنیا لە هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ ڕیفراندۆم، نەخێر ئەوە ڕاست نییە، چونکە کوردستان خۆی 5 ملیۆن کەسە چۆن ئەو ڕێژەیە مافی دەنگدانی دەبێت.
شێروان زرار، دەشڵێت بەتەنیا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە تا ئێستا، بەڵام ئەوە ئاماری کۆتایی نییە و گۆڕانکاری بەسەر دادێت، چونکە تا سێ مانگی تر ڕەنگە بە دەیان هەزارکەس بتوانن بەهۆی تەمەنەوە مافی دەنگدان بەدەست بهێنن یان کۆچی دوایی بکەن یان ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆیە نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە و داوامان کردووە ئاماری تەواوی ئەو هاووڵاتیانەمان بدەنێ کە گیانیان لە دەستداوە، تا ئەوکاتەشی پێش وادەی ڕاگەیاندنی ناوەکان.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ڕونیشیکردەوە، دیاریکردنی ئەو ڕێژەیە لەهەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتووان بووە لە ماوەی چوار ساڵدا کە خەمڵاندنی بۆ کراوە، بەوەی نزیکەی 300 بۆ 500 هەزار کەس بووە لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان.
لە کۆبوونەوەی 7 حوەزەیرانی 2017 لە هاوینە هەواری پیرمام بە سەرۆکایەتی مەسعو بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێم، بەبەشداری نزیکەی 15 حزب و لایەنی سیاسی ڕۆژی 25 ئەیلول وەک ڕۆژی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم دیاریکراو ڕۆژی 6 تشرینی دووەمیش وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی.