بەشوودانی پێشوەختەی کچان لە کەمپی ئاوارەکاندا کە تا دەهات زیادی دەکرد، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانی هێنایە سەر خەت کە لە هەڵمەتێکدا ئەو دیاردەیەی کەمکردەوە. لەنێو ئەوانەی بەهۆی هەژاری یان وەکو نەریت بەوجۆرە بەشوودراون، منداڵی تەمەن 10 ساڵان هەبووە کە دراونەتە کەسانێک لە تەمەنی باوکیاندا بوونە.
(ج.ن) ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە کەمپی کەورگۆسک نیشتەجێیە. ئەو باوکی 6 منداڵە کە چواریان کچن. یەکێکە لەوانەی پێشوەختە کچەکەی بەشووداوە. (ج) بە (رووداو)ی گوت: ئێمە لە ساڵی 2014 هاتین بۆ کەمپی کەورگۆسک، ئەوکات کچە گەورەکەم (غ) تەمەنی 13 ساڵان بوو، بچووکەکەشم (ت) تەمەنی 10 ساڵ و حەوت مانگ بوو، خەڵکێکی زۆر لێرە بەیەکدا چووبوون، چاک و خراپ تێکەڵ ببوو، خێمەکان چەند مەترێک لەیەکتر دووربوون، ئەمەش ترسی لەلا دروستکردم، بۆیە ناچاربووم هەردوو کچەکەم بەشوو بدەم.
(ج) ڕەتیکردەوە کچەکانی بۆ پارە بەشوودابن و گوتی سوێند دەخۆم یەک فلسم وەرنەگرتووە، هەریەکەیان تەنیا ئەڵقەیەکیان بۆ کڕدرا، کچە 13 ساڵانەکەم سەر بە هەوێ بەشوودا، دامە برازایەکی خۆم. بچووکەکەشم دا بە کوڕی دراوسێیەکمان کە 19 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، بەڵام دوای 8 ڕۆژ لە مارەکردنی، دایکی گوتی ئەگەر ئەویان بدەی بە شوو خۆم دەسووتێنم، بۆیە پەشیمان بوومەوە.
(ج) پەشیمانە لەو کارە و دەڵێت: کچە 13 ساڵانەکەم لەگەڵ هاوژینەکەی ناگونجێ، جارجار دەتۆرێ.
لەبارەی بەشوودانی پێشوەختە، نەقیبی مافپەروەر لانە لوقمان، بەرپرسی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە کەمپی کەورگۆسک بە (رووداو)ی گوت: بەهۆی ئەو لێشاوە زۆرەی ئاوارەکان، سەرەتا زۆر زەحمەت بوو ڕێگری لە بەشوودانی پێشوەخت بکرێت، چونکە تەنیا هەژاریی کێشە نەبوو لەلایان، بەڵکو لە نەریتی خۆشیان ڕێگەپێدراو بوو. هاوسەرگیرییەکان ئەوەندە بێ بنەما بوو کە کچ هەبووە ئەمڕۆ مارە کراوە و سبەی تەڵاق دراوە، کچ هەبوو تەمەنی 10 ساڵان بوو، درابوو بە کەسێک کە هاوتەمەنی باوکی بوو.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ ئەوەی ڕێژەی بەشوودانی کچی منداڵکار لە کەمپەکان کەمبکاتەوە. نەقیب لانە دەڵێت توانیمان ئەو دیاردەیە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکەینەوە و ئێستا ڕوو لە نەمانە، نەک تەنیا لە کەمپی کەورگۆسک، بەڵکو لە کەمپەکانی بالیسان و قوشتەپە و دارەشەکرانیش.
نەقیب لانە دەشڵێت: ئەو خەڵکە هۆشیارییان لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی بەشوودانی پێشوەختەی کچەکانیان نەبوو، دایکەکانیان پێیانوابوو کچەکانیان لەکۆڵ دەبێتەوە و کێشەی ئابڕوویان بۆ دروست نابێت، بەڵام نەیاندەزانی بە سێ چوار منداڵەوە تەڵاق دەدرێن و دوو ئەوەندە باری سەرشانیان زیاد دەکات.
بەگوتەی نەقیب لانە، لە کەمپی کەورگۆسک دیاردەکە زۆرتر بووە هەر کەسێک کۆلیژی شەریعەی تەواوکردبایە، خۆی دەکردە مەلا و شێخ، بەڵام ئێمە تەنیا مامۆستایەکی ئاینیمان لە کەمپەکە هێشتەوە، ئەویش بەو مەرجەی ئیمام و خەتیب بێ و هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ کچان ئەنجام نەدات و دوای مارەبڕین لە دادگا، ئینجا لەیەکتریان مارە بکات، چونکە هەر کچ و کوڕێک بەبێ پڕکردنەوەی فۆرم لای ئێمە و زانینی تەمەنیان، ناهێڵین مارە بکرێت.
لەسەر مارەکردنی کچان دەگیرێ
نەقیب لانە ئاشکرای کرد دوو مامۆستای ئاینی بە پارە کچی خوار تەمەنی 18 ساڵیان مارە کردووە دوو مەلا بەدزییەوە بۆ 5 هەزار تا 25 هەزار دینار، کچی تەمەن 10 ساڵ و بەرەوژووریان مارە دەکرد، بۆیە ڕێکاری یاساییمان بەرامبەریان گرتە بەر و یەکێکیان وازی هێنا، بەڵام یەکێکی دیکەیان بەردەوام بوو تا لەڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی قەزای خەباتەوە توانیمان ڕەوانەی گرتووخانەی بکەین.