نۆ ساڵ لەمەوبەر، فاروق خولیای خوێندنی ئاینی دەکەوێتە مێشکی، بەر لە تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی، واز لە قوتابخانە دێنێ و ڕوودەکاتە مزگەوتی قەزایەکی کەلار و دەبێتە فەقێ، بەڵام هەفتەی ڕابردوو تەرمەکەی لە هەمان مزگەوت بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە. باوکی دەڵێت کوڕەکەی زۆری نەمابوو ببێتە مەلا بەڵام خنکاندیان. پۆلیسیش دەڵێت دوای ڕووداوەکە مەلا و هەشت فەقێی مزگەوتەکە بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراون.
رۆژی 14-06-2017 تەرمی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بەنێوی فاروق ناجی، کە لە مزگەوتی سیراجەددین لە قەزای کەلار فەقێ بوو، لەنێو گەرماوی مزگەوتەکە دۆزرایەوە.
ناجی محەممەد، باوکی فاروق دەڵێت کوڕەکەی بە پشتێنێک لە گەرماوی مزگەوتەکەدا هەڵواسراوە، باوکی فاروق نازانێت ئەو پشتێنە هی فاروق بووە یان هی کەسێکی دیکە، چونکە ئەو دەڵێت لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار بینیم کوڕەکەم ملی بریندار ببوو، پزیشکەکان نەیانهێشت تەماشای بکەم و منیان کردە دەرەوە، چونکە پەرێشان بووم.
ناجی باوکی حەوت منداڵە، بەڵام فاروقی لە هەموو منداڵەکانی دیکەی زیاتر خۆشویستووە، شەش منداڵەکەی دیکەی لەلایەک بوون و فاروقیش لەلایەک. ناجی دەڵێت کوڕەکەم ئەوەندە بەڕەوشت و لەسەرخۆ بوو، ئەوەی ڕۆژێک ناسیبێتی لەبیری ناکات. گەنجێک بوو بۆ خوا دەژیا، ڕوو لە کاری باش بوو، نەک کاری خراپی نەدەکرد، بەڵکو بیرکردنەوەی خراپیشی هەرگیز نەبوو.
هەرچەندە دوای ڕووداوەکە وا بڵاوکرایەوە کە فاروق خۆی خنکاندووە، بەڵام باوکی گومانی هەیە و دەڵێت دڵنیام کە کوڕەکەم خۆی نەخنکاندووە، یەکێک لە بەڵگەکانیشم ئەوەیە کە فاروق هەرگیز لەدوای نوێژی نیوەڕۆ خۆی نەدەشووشت و ئەوانەی لەگەڵین دەزانن، ئەو عادەتی ڕۆژانەی بوو کە پێش نوێژی نیوەڕۆ خۆی دەشووشت، بەڵام ئەو ڕۆژە دوای نوێژی نیوەڕۆ لە گەرماوی مزگەوتەکەدا بووە.
بەگوتەی باوکی فاروق، کارگوزاری مزگەوتەکە پێیگووتووە کە ڕۆژی ڕووداوەکە، دوو لە هاوڕێ فەقێیەکانی چەند کاژێرێک بوو زانیبوویان خنکاوە، بەڵام نەیانوێراوە پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن و کەس ئاگادار بکەنەوە.
دادگا بۆ لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە ئەو هەشت قوتابییەی لەگەڵ فاروق وانەیان دەخوێند و مامۆستا ئاینییەکەشی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، دەستبەسەر کردووە.
(ع) کە هاوڕێی فاروقە، بە (رووداو)ی گوت فاروق خەونی بوون بە مامۆستایەکی ئاینی هەبوو. ئەوم هیچکات بە بێهیوایی نەبینیوە، بۆیە دڵنیام خۆی نەخنکاندووە. دەشڵێت فاروق گەنجانە بیری نەدەکردەوە. وەک زانایەک عاقڵ بوو. قەت نەمبینیوە تووڕە بێت یان کێشەیەکی هەبووبێت، چونکە دوای دنیا نەکەوتبوو.
رائیدی مافپەروەر عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ڕووداوەکە بە (رووداو)ی گوت: دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 14-06-2017، ئاگادارکراینەوە کە تەرمێک لە مزگەوتی سیراجەدین لە گەڕەکی سەت ماڵەکەی قەزای کەلارە، مەفرەزەمان چوونە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوت تەرمی کەسێکە بەناوی فاروق ناجی محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1995، بەمەبەستی پشکنین تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کەلار کرا و پۆلیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە لەبارەی چۆنێتی ڕووداوەکە. هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە خۆی هەڵواسیوە یان هەڵواسراوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی فاروق خوێندکاری هەمان مزگەوت بووە و لەوێ لەگەڵ 8 گەنجی دیکەدا ڕۆژانە لەلایەن مامۆستایەکی ئاینییەوە وانەی ئاینیان پێگوتراوەتەوە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405، ئەو مامۆستایە و 8 قوتابییەکەی دەستگیرکراون.
رووداو
19-06-2017