دابەزینی نرخی کولەکە لەبازاڕدا نیگەرانی لای بەشیک لە جوتیاران درووستکردووە و، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە #پەرلەمان#یش، ڕایدەگەینێت، ئاگاداری نیگەرانی جوتیارانین و دوای کۆتایهاتنی جەژنی ڕەمەزان، لەگەڵ بەرپرسانی #وەزارەتی کشتوکاڵ# کۆدەبنەوە.
حەیدەر ئەحمەد، یەکێک لەجووتیارانی #پێنجوێن#، بۆ دواڕۆژ، ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمی کولەکەکەی سنورەکەمان، دەرچووە و ماوەی چەند مانگێک سەرقاڵی بووین، بەڵام زۆر بەداخەوە، چەندمان هەڵگرتۆتەوە، ئەوەندەشمان زیاتر فڕێدراوە.
وتیشیهۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە لە عەلوە دەڵێن سەوز نیە یان گەورەیە، کیلۆی (100) دیناریشمان بۆ ناکات، بۆیە تەنیا ماندووبونەکەمان بۆ ماوەتەوە.
هاوکات غەریب پێنجوێنی، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپارلەمانی کوردستان، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، ئاگاداری نیگەرانی جووتیارانین، هەرچەند لەئێستاوە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باجی خستۆتە سەر هاوردەی هەندێک لەو بەرهەمانەی کە لەدەرەوەی دەهێندرێن، لەپێناوی پاراستنی هەندێک لەو بەرهەمانەی ناوخۆ کە لەقۆناغی پێگەشتندان هێشتا هەمووی تەواو نەبووە و قۆناغ بەقۆناغ، باجەکە جێبەجێدەکرێت.
روونیشیکردەوە، بەهۆی ئەوەی زیاد لەپێداویست بەرهەم دێت، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ، هەماهەنگیەکی باشی هەبێت لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی ناوەند، بۆئەوەی ئەو بەرهەمانەی زۆرن، ڕەوانەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکرێت.
ئاشکراشیکرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پارەنەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێم، دوای کۆتایهاتنی جەژنی ڕەمەزان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و
سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
19-06-2017