بەرپرسێکی #وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان# ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی ڕووپێوییەک دەرکەوتووە بەهۆی درێژەکێشانی قەیرانی دارایی، سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و وەستانی کار لەزۆربەی پرۆژەکان زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان وەک پێویست توانای دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان نییە.
ئەو ڕووپێوییە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو لەلایەن #دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان#، بەهاوکاری ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک (WFP)، دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و هەردوو #وەزارەتی تەندروستیی عێراق# و هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی ڕەوشی ئاسایشی خۆراکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کراوە. دەرکەوتووە 59.4%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەمتر پارێزراون لەڕووی خۆراک، واتە وەک پێویست توانای دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان نییە، 2.1% دانیشتووانیش پارێزراو نین لەڕووی خۆراک.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەندێک لە ئەنجامەکانی ئەو ڕووپێویەی بۆ (رووداو) ئاشکرا کرد و گوتی بۆمان دەرکەوت 59.4%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاسایشی خۆراکەوە دەکەونە خانەی کەمتر پارێزراو، واتە بۆ دەستکەوتنی خۆراکی ڕۆژانەیان پەنایان بۆ پەیڕەوکردنی یەکێک یان زیاتر لەو بڕگانە بردووە کە لەپێناسی ڕێکخراوی فاودا هاتووە.
سیروان محەممەد دەڵێت لە ڕووپێوییەکە بۆمان دەرکەوتووە هەندێ خێزان لە جیاتی سێ ژەم، دوو ژەم نان دەخۆن، یان بڕێکی کەمتر خۆراکیان لە ژەمەکان خواردووە، یان بۆ دابینکردنی خۆراک قەرزیان کردووە، کاڵای ناوماڵ و ئۆتۆمبیل و خانوویان فرۆشتووە. تەنانەت 2.1%ی دانیشتووان ناپارێزراون لەڕووی ئاسایشی خۆراک، واتە توانای دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان نییە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 614 هەزار کەس بووە. بەپێی داتاکانی ئەم ڕووپێوییە بێت، زیاتر لە سێ ملیۆن و 334 هەزار کەس وەک پێویست توانای دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان نییە.
رەوشی ئاسایشی خۆراک لەشارەکانی باشووری کوردستان جیاوازە؛ لە هەولێر 47% دانیشتووانەکەی زۆرترین پارێزراون لەڕووی خۆراکەوە، سلێمانی 32% دانیشتووانەکەی زۆرترین پارێزراون، دهۆک 35%ی دانیشتووانەکەی زۆرترین پارێزراون.
لە هەولێر 51% دانیشتووان کەمتر پارێزراون لەڕووی خۆراکەوە، لە سلێمانی ڕەوشەکە خراپترە و 66%ی دانیشتووانی کەمتر پارێزراون، هەرچی پارێزگای دهۆکیشە 63% دانیشتووانەکەی کەمتر پارێزراون لەڕووی خۆراکەوە.
سیروان محەممەد دەڵێت لەدوای ساڵی 2015 بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و وەستانی کار لەزۆربەی پڕۆژەکان داهاتی تاک و خێزان لەهەرێمی کوردستان ڕووی لە کەمیکرد، نزیکەی 45 هەزار کەس بێکاربوون، ئەوەش وایکرد ڕێژەی بێکاری بۆ 13.53% بەرزببێتەوە و ڕەوشی ئاسایشی خۆراکی خەڵک لاواز بێت.
رەوشی ئاسایشی خۆراک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان
پارێزراو لەڕووی خۆراک:
- کێشەی دابینکردنی خۆراکیان نییە
هەولێر 47%، سلێمانی 32%، دهۆک 35%
- کەمتر پارێزراو لەڕووی خۆراک:
- بە ڕێگەی جیاواز توانیویانە درێژە بە ژیانیان بدەن
هەولێر 51%، سلێمانی 66% و دهۆک 63%
- ناپارێزراو لەڕووی خۆراک:
- توانای دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان نییە
هەولێر 2%، سلێمانی 2% و دهۆک 3%
رووداو
20-06-2017