سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆ تایبەتەکانی #وەزارەتی خوێندنی باڵا#ی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە دان بە بڕوانامەی دەرچووانی 14 پەیمانگا و زانکۆ نەنێت و هیچ ئیمتیازێکیان پێنەدات.
جەمال کەمال، سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆ تایبەتەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە نووسراوی ڕەسمی داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم کردووە، دان بە بڕوانامەی دەرچووانی 14 زنکۆ و پەیمانگە نەنێن و سەرجەمیان دابخرێت، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە بە پێچەوانەوەی ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا کاردەکەن.
وتیشی لەسەر داواکارییەکەی خوێندنی باڵای عێراق، نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوامان لێیان کردووە دان بە بڕوانامەی دەرچووانی ئه و زانکۆ و پەیمانگەیانە نەنێت و هیچ ئیمتیازێکیان پێنەدات.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر داواکارییەکەیان ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوه و گشتاندنی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان کردووە، بۆیە دان بە بڕوانامەکانیان نانرێت و هیچ ئیمتیازێکیان پێنادرێت.
جەمال کەمال، داوا لەسەرجەم خوێندکاران دەکات له و زانکۆ و پەیمانگەیانە لە ناوخۆی هەرێم یاخود ناوچە دابڕێندراوەکان نەخوێنن، چونکە هیچ ئیمیتازێکیان پێنادرێت.
ناوی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەکان:
-پەیمانگەی مەنار
-پەیمانگەی حامورابی
-پەیمانگەی فارابی
-زانکۆی ئەکادیمیینی عەرەب
-کۆلیژی (نەخیل)ی ئەندازیاری
-پەیمانگەی عەرەبی بۆ ژمێریارییە قانوونییەکان
-پەیمانگەی حوسێن بۆ خوێندنی باڵا
-پەیمانگەی توێژینەوە و دیراساتی عەرەبی
-پەیمانگەی مێژوو
-پەیمانگەی باڵای عەرەبی
-ئەکادیمیای دیراساتی مرۆیی و زانستی
-پەیمانگەی عێراقی بۆ خوێندنی باڵا
-پەیمانگەی باڵای عێراقی بۆ ڕاگەیاندن و زانیاریی
-پەیمانگەی عەرەبی بۆ ڕاهێنان و ئامار
دوارۆژ
20-06-2017