سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی کۆچی بە لێشاوی هاووڵاتیانەوە بۆ #ئەوروپا#، زیاتر لە 158 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، ئاشکراشی کرد، کە دیپۆرتی کۆچبەران بەردەوامە و بەشێکیان بەهۆی بەزۆر ناردنەوەیان تووشی شڵەژانی دەروونی بوون و چەند کەسێکیشیان بەو هۆیەوە خۆیان کوشتووە.
ئاری جەلال، سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : تا مانگی ئاداری ساڵی 2016 زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتی عێراقی کە لە نێویاندا 50 هەزار هاووڵاتی کورد هەیە، بۆ هەندەران کۆچیان کردووە.
ئەوەی خستەڕوو، کە له و ژمارەیە، (158) هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، گیانیان لەدەست داوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 54 کەسیان بێسەرو شوێن بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دیپۆرتکردنەوەی هاووڵاتیان لە ئەوروپا بەردەوامە، بەجۆرێک لە سەرەتای ساڵی 2011 زیاتر لە شەش هەزار و 500 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەزۆر نێردراونەتەوە، بەو هۆیەشەوە پێنج هاوڵاتی خۆیان کوشتووە، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو هاوڵاتیانەی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرەونەتەوە، ڕووبەڕووی شڵەژانی دەروونی بوونەتەوە، گوتیشی: لە ئێستادا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بەهەمان شێوە پرۆسەی ناردنەوەی پەنابەران خەریکە دەست پێدەکاتەوە، بەڵام ئێمە بەهۆی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی ئەوە دەدەین دیپۆرتی پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا ڕابگرین.
سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەران باسی لەوەش کرد، کە : پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکاری فیدراسیۆنی پەنابەران بکات، بۆ ئەوەی بتوانرێت کار بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو کەسانە بکەین، کە تائێستا کەسوکاریان چاوەڕێی گەڕانەوە تەرمەکانیان دەکەن.
باسنیوز
#21-06-2017#