#هەرێمی کوردستان# وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ بەشداری کۆنفرانسی وەبەرهێنەران دەکات لە #ئەڵمانیا#، کە ئامانج لێی هێنانی کۆمپانیاکانی جێبەجێکردن و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیایە بۆ هەرێمی کوردستان.
کۆنفرانسەکە لە مانگی 9 لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، عەبدولرەحمان دۆسکی، سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند کۆنفرانسەکە لە 6 و 7ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە شاری هانۆڤەر، لە هۆڵی کۆنگرێس و کۆنفرانسەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، بە بەشداری زیاتر لە 450 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان، عێراق و ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
عەبدولرەحمان دۆسکی، خاوەنی #کۆمپانیای پیتەرسبۆرگ ئینتەرناشناڵ#، کە ڕێکخەری کۆنفرانسەکەیە دەڵێ ئەو کۆنفرانسە لەژێر ناوی بەرهەمهێنان لە پێشەنگی کار و هاوکاریدا، بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری بەڕێوەدەچێت، هەروەها یەکەمین جارە، هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ، لە دەرەوەی چوارچێوەی عێراق بەشداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکات.
وەکو سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکە باسی دەکات ئەو کۆنفرانسە لەژێر چاودێری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی نیدەرزاکسنی ئەڵمانیا دەبێت و، بۆ هێنانی کۆمپانیاکانی جێبەجێکردن و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیایە بۆ هەرێمی کوردستان.
دۆسکی دەڵێ ئەم کۆنفرانسە وادەکات، وڵاتانی دیکەش متمانە بە بازاڕی کوردستان بکەن بۆ ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان و بوژانەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا لە کۆنفرانسەکە ئامادە دەبێت.
هەرێمی کوردستان و عێراق، بە پردی پەیوەندی و ڕێگەی بازرگانی لەنێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێن، جگە لە بوونی سەرچاوە سرووشتییەکان، بۆیە هەرێمی کوردستان لەنێو وڵاتانی جیهانیدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
رووداو
21-06-2017