بەگوێرەی ڕاپرسییەکی #دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان#، ڕێژەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی حکومەت دانەنانی کەسەکان بەگوێرەی شیاوبوونیان لە پۆستەکان و کەمی مووچە و وەرنەگرتنی شایستە داراییەکان لەکاتی خۆیدا، بە هۆکار دەزانن بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی دیاردەی گەندەڵی.
دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕاپرسییەکی لەناو فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتدا لەبارەی گەندەڵی ئەنجامداوە، کە تێیدا 600 فەرمانبەر بەشدارییان کردووە، کە 62%یان لە ڕەگەزی نێرن و 38%یان لە ڕەگەزی مێ.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا دانەنانی کەسەکان بەگوێرەی شیاوبوونیان بۆ شوێنەکان هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، 44%ی بەشداربوون دەڵێن تاڕادەیەکی زۆر هۆکارە، 30%یش دەڵێن زۆر هۆکار.
دەستەی دەستپاکی ڕاپرسییەکی لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە پشتنەبەستن بە بنەمای پسپۆڕی و توانایی و دانەنانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە کەمی مووچە و وەرنەگرتنی شایستە داراییەکان لەکاتی خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوەی فەرمانبەران ناچاربن لەژێر گوشاری بژێوی ژیان بیر لە وەرگرتنی بەرتیل بکەنەوە، لەوبارەیەوە 41% بەشداربووان دەڵێن وەرنەگرتنی شایستە داراییەکان لەکاتی خۆیدا تاڕادەیەکی زۆر هۆکارە بۆ تەشەنەکردنی گەندەڵی، 36%یش دەڵێن زۆر هۆکارە. تەنیا 2.2%یش پێیانوایە تاڕادەیەکی زۆر کەم هۆکارە.
هەر بەپێی ڕاپرسییەکە، مانەوەی بەرپرسەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکانیان سەرەڕای بوونی بەڵگەی سەلمێندراو لەسەر گەندەڵییەکانیان، هۆکارێکی دیکەی تەشەنەکردنی گەندەڵییە و 41.5%ی بەشداربووان بە تاڕادەیەکی زۆر هۆکارە وەڵامیان داوەتەوە و 29.3%یش بە زۆر هۆکارە وەڵامیان داوەتەوە.
هاوکات 74%ی بەشداربووان لەو بڕوایەدان بوونی ڕۆتینی زۆر لە دامودەزگاکان هۆکارێکی دیکەی گەندەڵییە. لەبارەی شەفافییەتەوە، 81.7%ی بەشداربووان نەبوونی شەفافییەت بە هۆکار دادەنێن بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی.
دەستەی دەستپاکی ڕۆڵی نییە؟
بەڵام فەرمانبەران تێبینییان لەسەر ڕۆڵی دەستەی دەستپاکیش هەیە لە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، لە ڕاپرسییەکەدا دەستەی دەستپاکی لەبارەی ڕۆڵی خۆیشیەوە پرسیاری لە فەرمانبەران کردووە و تێیدا ئاشکراکراوە کە تەنیا 8.3%ی بەشداربووان پێیانوایە دەستەی دەستپاکی تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی هەیە لە وەستاندنی دیاردەی گەندەڵی، 13.8%یش پێیانوایە دەستەی دەستپاکی ڕۆڵی هەیە لە وەستاندنی دیاردەی گەندەڵی، ڕێژەی 24%ی بەشداربووانیش ڕۆڵی دەستەی دەستپاکییان بە مامناوەند لەقەڵەمداوە. هەروەها 17.6%ی فەرمانبەران لەو بڕوایەدان دەستەی دەستپاکی توانیویەتی بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە.
گەندەڵی بووەتە کولتوور و تەواوی چین و توێژەکانی گرتووەتەوە
دەستەی دەستپاکی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە نەیتوانی بەشێوەیەکی گونجاو سوود لەو پێشکەوتنە ئابوورییە ببینێت کە هاتە کایەوە و دەڵێت: بەڵکو هەرێمی کوردستانی بە ئاقارێکی زۆر خراپدا برد، سەرەڕای بەهەدەردان و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتیی بەهەموو جۆرێک، گەندەڵی کردە دیاردیەک کە لە هەرەمی دەسەڵاتەوە تا خوارەوە پێوەی ئاڵوودەبوون. ڕوونیشیدەکاتەوە کە لەبەر ئەو هۆکارە ئاسان نییە دەستەی دەستپاکی لەماوەی کورتی دەستبەکاربوونیدا بتوانێت لە ئاستی داخوازییەکانی هاونیشتمانییان بێت.
هەر لەوبارەیەوە،24.5%ی بەشداربووان دەڵێن کە دەستەی دەستپاکی ڕۆڵی هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
پەکخستنی #پەرلەمان# کۆت و بەندکردنی دەستپاکییە
راپرسییەکە پرسیارێکی لەخۆگرتووە لەسەر کاریگەری لەکارخستنی پەرلەمان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لەوبارەیەوە 74%ی بەشداربووان پێیانوایە لەکارخستنی پەرلەمان دەستەی دەستپاکی کۆت وبەند کردووە بەوەی نەتوانێت یاسا دەربکات یان هەندێک یاسا هەمواربکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران.
هەروەها بەشێکی زۆری بەشداربووانیش سەربەخۆنەبوونی دادگاکان بە هۆکارێکی دیکەی تەشەنەکردنی گەندەڵی دەزانن، بەشێوەیەک کە ڕێژەی77%ی بەشداربووان سەربەخۆنەبوونی دادگاکانیان لە هەرێمی کوردستان بەهۆکارێکی سستبوونی ڕۆڵی دەستەی دەستپاکی لەقەڵەمداوە.
هەر ڕاپرسییەکە ئەوە دەردەخات کە 34%ی بەشداربووان ئامادەنین لە ئەگەری بینینی حاڵەتێکی گەندەڵیدا دەستەی دەستپاکی ئاگاداربکەنەوە، چونکە ترس لە تۆڵەسەندنەوە لای زۆربەی بەشداربووان هەیە ئەگەر زانیاری بدەنە دەستەی دەستپاکی و لەوبارەیەوە 71.3%ی بەشداربووان دەڵێن کە ترسیان لە تۆڵەسەندنەوە هەیە.
رووداو
22-06-2017