پسپۆڕێکی تەندروستی کۆمەڵ تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی ئیفلیجی منداڵان لە #سووریا# بە زەنگی مەترسیدار دەزانێ بۆ #کوردستان#، #عێراق# و وڵاتانی دیکەی دراوسێی سوریا و دەڵێ بکەونە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ ڕێگالێگرتنی، هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و کوردستانیش ڕوونکردنەوە دەدەن لەو بارەیەوە.
رۆژی سیشەممە 20 ی حوزەیران، #ڕێکخراوی تەندروستی جیهان# ڕایگەیاند کە تەنیا لەمساڵدا لانیکەم 17 حاڵەتی سەلمێندراوی ئیفلیجی منداڵان لە سووریا تۆمارکراون، باروودۆخەکەشی بە زۆر مەترسیدار نێوبرد، بەو پێیەی نەخۆشییەکە لە منداڵێکی تووشبوو بۆ یەکێکی تەندروست دەگوێزرێتەوە.
پسپۆڕێکی تەندروستی کۆمەڵیش دەرکەوتنەوەی ئیفلیجی منداڵان لە سووریا بە مەترسیدار دەزانێ بۆ کوردستان و عێراق.
د.عەبدولفەتاح هەورامی، مامۆستای سکووڵی پزیشکی #زانکۆی سلێمانی# و پسپۆڕ لە پزیشکیی کۆمەڵ، دەڵێ دەرکەوتنی یەک حاڵەتی سەلمێندراوی ئیفلیجی منداڵان، گریمانەی ئەوە دەدات کە هەزار حاڵەتی شاراوە و دەستنیشاننەکراو هەبن، پاشان ئەم نەخۆشییە گواستراوەیە و هاتووچۆش هەیە لەنێوان دانیشتووانی سووریا لەلایەک و دانیشتوانی عێراق و کوردستان لەلایەکی دی، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە وریایی و هۆشیاریی و ئامادەباشییەکی باشە.
د.عەبدولفەتاح بە پێویستی دەزانێ هەڵمەتەکانی کوتان چڕبکرێنەوە و هانی خەڵکی بدرێ ڕێوشوێنە بنەڕەتییەکان خاوێنی پیادە بکەن.
لەبارەی هەبوونی نەخۆشییەکە لە عێراق و هەنگاوە پێویستەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، (د. سەیف ئەلبەدر) گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی عێراق گوتی ڕایدەگەیێنین کە هیچ حاڵەتێکی نوێی ئیفلیجی منداڵان لە عێراق تۆمارنەکراوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق گوتیشی کە کوتانی منداڵان دژی نەخۆشییەکە کاری لە پێشینەی وەزارەتەکەیانە، بە تایبەت لە سایەی بەرپابوونی جەنگ و هەبوونی ملیۆنان ئاوارە و دەربەدەرکراو لە عێراقدا.
ئەلبەدر ئاشکرایدەکات کە پلانیان هەیە دوای ئارامبوونەوەیەکی ڕێژەیی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون، هەڵمەتی فراوانی بەگژداچوونەوەی نەخۆشییەکان دەستپێدەکەن. لەو ناوچانەی ئازاد دەکرێنەوە و هەندێک ئارامییان بۆ دەگەڕیتەوە، پلانمان هەیە هەموو مندالانی تازەبوو، ئەو مندالانەش کە لە ماوەی ڕابردوو کوتانیان بۆ نەکراوە، بەپێی پرۆگرامی ستانداردی خۆمان بکوتین.
#وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان#یش نایشارێتەوە کە دەرکەوتنی ئیفلیجی مندالان لە سووریا، بۆ کوردستان مەترسیدارە.
د.خاڵس قادر، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی هەبوونی ئیفلیجی منداڵان لە وڵاتێکی دراوسێ، بەتایبەتی سووریا کە هێشتا هاتووچۆی زۆری هەیە لەگەڵ عێراق و کوردستان، مەترسی دەبێت بۆ سەرمان.
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی هەوروەها دەڵێ لە کوردستان ئاستی کوتان بۆ منداڵان زۆر باشە، ئەوەش ڕێگری دەکات لە هاتنی نەخۆشییەکە، بەڵام ئاگاداربوون و بەدواداچوون زۆر پێویستە بەتایبەتی بۆ ئاوارەکان و نێوکەمپەکان.
ئیفلیجی منداڵان بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تووشی منداڵان دەبێت کە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە. ڤایرۆسەکە پەلاماری کۆئەندامی دەمار دەدات و لەماوەی چەند کاژێرێکدا دەبێتەهۆی ئیفلیجییەکی تەواو.
گواستنەوەی نەخۆشییەکە لەڕێگەی کۆئەندامی هەرسەوە دەبێت، بەجۆرێک منداڵی تووشبوو لە ڕێگای پیساییەوە ڤایرۆسەکە دەکاتە دەرێ و کەرەستە پیسبووەکان دەبنەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ منداڵێکی دیکە لەڕێگای دەمیەوە. واتە خواردن و خواردنەوەی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە دەتوانن منداڵی دیکە تووش بکەن.
نیشانە سەرەتاییەکان بریتین لە تا، بێهێزی، سەرئێشە، ڕەقبوونی مل و ئازاری پەلەکان. 1 لە 200 ی منداڵانی تووشبوو تووشی ئیفلیجییەکی هەمیشەی دەبن کە هەرگیز چاکنابێتەوە (زۆرینەیان پەلەکانی خوارەوەیان تەواو ئیفلیج دەبێت)، لەنێوان ئەمانەدا 5-10% یان ماسولکەکانی هەناسەیان ئیفلیج دەبن و بەوەش گیان لەدەستدەدەن.
لە ساڵی 2000 ەوە لە کوردستان هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجی مندالان تۆمار نەکراوە، بەڵام جەنگە بەردەوامەکانی ناوچەکە و هاتنی بە لێشاوی ئاوارەکان، کوردستان دەخاتە بەر مەترسی، بەو پێیەی لە دۆخی قەرەباڵخی و نەمانی ستانداردەکانی پاکوخاوێنیدا ئەگەری بلاوبوونەوەی نەخۆشییەکە زیاددەکات.
رووداو
22-06-2017