لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی کوردانی #ئێزیدی# ڕایدەگەیەنێت، تائێستا 793 کەیسی دەستدرێژی سێکسی و 447 کەیسی کڕین و فرۆشتنی کچان و ژنانی ئێزدی تۆمارکراون.
فوئاد عوسمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی تر ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی حوزەیرانی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند تاوەکو ئێستا 793 کەیسی دەستدرێژی سێکسی و 447 کەیسی کڕین و فرۆشتنی کچان و ژنان و زیاتر لە 2000 دۆسیەی تر لە بەردەست لیژنەکەدایاندایە و کاری لەسەر دەکرێت.
فوئاد وتیشی، دوابەدوای داگیرکردنی موسڵ و دەشتی نەینەوا لەلایەن داعش لە 2014، هەڕەشەی ئه و گروپە لە دژی ژنان و کچانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی تر دەستیپێکرد و تیرۆریستان گەورەترین تاوانیان دەرحەق بە ژنان و کچانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی تر ئەنجامدا.
بەرپرسەکەی ڕاگەیاندنی لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزیدی ئاماژەشیدا، لیژنەکە داوایکردوە هاوکاری زیاتری قوربانیانی ئەم کەیسانە بکرێت و بە بەگرنگیشیزانی کە یەکەی پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی منداڵەکان بکرێتەوە.
هەر له و چوارچێوەیەدا دوێنێ حسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ژمارەی ئه و ئێزدیانەی تائێستا ڕزگارکراون گەیشتوەتە 3036 کەس و ژمارەی ئەوانەش کە لەدەست چەکدارانی داعش ماون 3300 کەسن.
دوارۆژ
22-06-2017