جێگری پارێزگاری #هەڵەبجە# ئاماژە بەوەدەکات، لە ئێستادا 253 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنوری پارێزگاکەیان کارکردن تیایاندا ڕاگیراوە و بۆ تەواوکردنیشیان پێویستیان بە 257 ملیار دینارە دەشڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لیژنەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تەنها یەکجار کۆبوەتەوە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەی دەبوایە تایبەتمەندییەک بە هەڵەبجە بدرایە و بڕە بودجەیەک بۆ ئەم شارە تەرخانبکرایە، بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە هیچ جۆرە پڕۆژەیەکی نوێ ئەنجام نەدراوە.
وتیشی 253 پڕۆژەی ساڵانی ڕابردوشمان ڕاگیراون کە پێویستمان بە بڕی 257 ملیار دینار دەبێت بۆ تەواوکردنی سەرجەمیان.
کاوە عەلی ڕونیشکردەوە، ئه و بڕیارانەی لە دانیشتنی 2017/3/16ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی هەڵەبجەوە دەرکراون هیچیان نەکەوتونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەتایبەت بڕیاری جیاکردنەوەی دارایی هەڵەبجە لە #سلێمانی# و کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشی وت، لە بەدواچونی ئه و کێشەیەش بۆمان دەرکەتووە کە دەبێت لیژنەی باڵای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە ئه و بابەتە یەکلایی بکەنەوە، بەڵام لەماوەی دوو ساڵدا تەنها یەک جار ئه و لیژنە کۆبونەتەوە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی وت، لەهەوڵی جدیداین بۆ دابینکردنی بڕێک پارە بۆ تەواوکردنی ئه و پڕۆژانە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی تەنها تەواوکردنی چەند پڕۆژەیەکی کەمیان پێداوین، هاوکات بەڵێندەرانیش تەنها بڕی لە 1.6%ی پارەی نەختینەیان پێدراوە کە هەستاون بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکان و بەشێکی زۆری پارەی ئه و پڕۆژانەیان وەرنەگرتووە کە لەساڵانی 2010 تا ساڵی 2014 جێبەجێیان کردووە.
دوارۆژ
23-06-2017