دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بزاڤی ئاشتیی ناوخۆیی (بان)، کۆبوونەوەیەکی لەشاری #هەولێر#، بە بەشداری زیاتر لە سی کەسایەتی ئەکادیمیست و کەسایەتی سەربەخۆ، سەبارەت بە پرسی #ڕیفراندۆم# و #سەربەخۆیی# ئەنجام دا، بانگەوازێکی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو.
رێکخراوی بزاڤی ئاشتیی ناوخۆیی، لە بانگەوازەکەیدا، ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە مێژووی سیاسیی گەرەلەماندا سەرەتای قۆناغێکی نوێ و هەستیارە، بۆیە پێویستە بە سەرکەوتنێکی مەزن بە ئەنجام بگات، لەم کاتەش لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە هاوکاری، هەماهەنگی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، چونکە قۆناغێکی مێژووییە بۆ پاشەڕۆژی کوردستان، ئەو ڕیفراندۆمە گرنگترین پڕۆژەی سیاسییە و گەورەترە لەوەی ببێتە قوربانی ناکۆکی سیاسی، ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی تەسکی پارتە سیاسییەکان.
ئەم ڕێکخراوە، جەختی لەوە کردووەتەوە: بانگی خەڵکی باشووری کوردستان دەکەین کە بەداری ئەم ڕیفراندۆمەی کوردستان، کە مەبەست لێی سەربەخۆییە، بکەن، هیواداریش لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی ئابووری و سیاسی، هەنگاوی پێویست بنێن، هاوکات پێویستە پارت و لایەنە کوردستانییەکان بەرژەوەندی گشتییەکانی گەلی کوردستان بکەنە بنەما بۆ سەرچاوەی ڕەوایەتی بەرژەوەندییەکان و گشت بەرژەوەندییەکانی دیکە.
لە بانگەوازەکەدا، بزاڤی ئاشتیی ناوخۆیی، داوا لە کەسایەتییە سیاسییە باڵا دەستەکان دەکات کە نەبن بە بەشێک لە کێشەکان، بەڵکو ببن بە ئاکتەری چارەسەری بۆ کێشەکان، هەروەها بە پێویستی دەزانێت کە هاووڵاتییانی باشووری کوردستان بە گشتی و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، خەباتێکی پێویست بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕیفراندۆمە بکەن.
ئەم ڕێکخراوە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە: پێویستە سوود لە دەلیڤە مێژووییەی بۆ گەلەکەمان هاتووەتە پێش، وەربگرین، بۆیە داوا لە گشت پارتە سیاسییەکانی باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەکەین، کە لە ڕێگەی دیالۆگ و یەکتر قەبوڵ کردنەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و تواناکانیا بۆ بەرژوەندی باڵای کوردستان تەرخان بکەن، داواش لەگشت کەناڵ و جۆرەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە هاوکاربن بۆ چەسپاندنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد، لەو پێناوەدا ئەرکە ئەخلاقی و نەتەوەییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
باسنیوز
23-06-2017