بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی نیشتمانی لە شاری #هەولێر# ڕاگەیێندراک بزاڤەکە فەلسەفی و هزرییە و لە کۆمەڵێک کەسایەتی هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات پێکدێت.
#عومەر نورەدینی#، ئەندامی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی بزاڤەکە گوتی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی نیشتمانی بزاڤێکی فەلەسەفی و هزرییە و دژی تووندڕەوییە، داوا لە هاونیشتمانیان دەکەین پشتیوانی بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نورەدینی ئاماژەی بەوەدا گەلی کورد دەیان ساڵە خەبات دەکات، بەڵام نەگەیشتووەتە ئامانجە نەتەوەییەکان و نەبوونی ئاشتیی نێوخۆیی هۆکارە بۆ پەرتەوازەیی کۆمەڵگەی کوردی، هەروەها بەبێ ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد ناتوانین کاربکەین بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانمان.
بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی ناسراو بە (بان) لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی بزاڤەکەیان دەڵێت گەلی کوردستان سەدان ساڵە خەبات دەکات، دەیانشۆڕشی کردووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە نەیتوانیوە بە تەواوی ئازادی بەدەست بێنێت، هەروەها نەیتوانیووە یەکدەنگی و یەک ستراتیجی پێویست لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، هەر بۆیەش بە پارچەکراوی ماوینەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی هۆکاری دەرەکی بۆ واقیعی تاڵی گەلی کوردستان زۆرن، بەڵام ئێمە وەک بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی باوەڕمانوایە، کە هۆکاری سەرەکی نوخۆیی پەیوەندی بە خۆمان ناو ماڵی کوردستانەوە هەیە.
بۆیە هەر لە کۆنەوە ئاشتی ناوخۆیی لەناو کۆمەڵگای کوردستانیدا بە تایبەت لە نیوان ئەکتەرە سیاسییەکاندا لاواز بووە، کە بەداخەوە ئێستاش هەر بەردەوامە، هۆکاری نەبوونی ئاشتی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هزر و زهنییەت و عەقڵ و کولتووری ئاشتیانە لەناو کۆمەڵگای کوردی هێزە سیاسییەکاندا.
بۆیە بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی بەو ناوە دامەزراوە، کە کورتکراوەکەی دەبێتە بان، ئەم بزاڤە پەیماننامەیەکی ئامادەکردووە و پێوەی پابەند دەبێت و لەسەری دەڕوات.
تایبەتمەندییەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی بریتین لە:
1.بزاڤێکی فەلسەفی ڕۆشنبیری و هزرییە، ئاشتیخوازە و باوەڕی بە تووندوتیژی نییە و بەکاری ناهێنێت و بەهیچ جۆرێک پشتگیری ناکات.
2.بان بزاڤێکی مەدەنی و ناحکومییە، سەربەخۆیە، گرێدراوو وابەستەی هیچ هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی هیچ هێز و پارتێکی سیاسی نییە.
3.بان چالاکی و خەباتی خۆی لە تەواوی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکات.
پرەنسیپ وبنەماکانی، کە بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی لەسەریان دەڕوات و پێیانەوە پابەند دەبێت، بریتین لە:
1.بان باوەڕی بەوە هەیە، کە هێنانەدی ئاشتی ناوخۆیی مەرجی سەرەکییە بۆ ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتن و گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها ماددی و مەعنەوی گەلی کوردستان.
2.لەبەر لاوازی ئاشتی ناوخۆیی لە کۆمەڵگای کوردستانی و لەنێوان هێزو پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا، گەلی کوردستان لە کۆندا نەیتوانیوە بە مافەرەواکانی خۆی بگات و ئێستاش هەر بەدەست ئەم دەردەوە دەناڵێنێت.
3.بێگومان بۆ ئەوەی ئاشتی ناوخۆیی لە کۆمەڵگاو لەنیوان هێز و پارتە سیاسییەکاندا بچەسپێت، پیویستە هزرو زیهنییەت و عەقڵیەت و کلتووری ئاشتیخوازانە لەناو کلتوور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا ڕەگ داکوتێت و جێگاو پێگەی بەرز و بڵێندبێت، هەروەها لەناو مێشک و گوتار و ڕەفتاردا، سەروەرو باڵادەست بێت، کاتێک ئەمە دروستبوو، کوردستانیان و گەلی کوردستان لە ناکۆکی، ڕکەبەری، دوژمنایەتی و دووبەرەکی ناوخۆیی ڕزگاریان دەبێت و ڕوح گەورەیی و یەکتر قبووڵ نەکردن وەلا دەنێن.
4.بان لەوباوەڕەدایە، ئەگەر هێز و پارتە سیاسییەکانی کوردستان زهنییەت و عەقڵییەت و کلتووری ئاشتی ناوخۆیی بەهێز و زاڵ نەکەن و لەژیانی سیاسیدابەکاری نەهێنن و وەگەڕی نەخەن، ئەوا ناتوانن مافی گەلی کوردستان وەدی بهێنن و بە ئازادی و سەربەخۆیی بگەین.
ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی لە ڕووی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە.
1.بان تێدەکۆشێت بۆئەوەی کلتوور و زهنییەتی ئاشتی و کۆمەڵایەتی و جڤاکی لەناو کۆمەڵگای کوردستانی لەناو تەواوی کوردستانیان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان بڵاوبکاتەوەو گەشەی پێبدات.
2.بان تێدەکۆشێت زهنییەت و عەقڵیەتی دژایەتیکردنی یەکدی، لووتبەرزی و یەکترقبووڵنەکردن لەناو بەرێت، هەروەها زەرەرو زیانەکانی لەناو کۆمەڵگای کورستانیدا کەمبکاتەوەو سەرەنجام نەیانهێڵێت.
بەداخەوە کە زهنییەت و عەقڵیەتی ڕقابەرایەتی و دوژمنایەتی وادەکات، کە بەهۆی ڕوودانیشەڕ لە نیوان دوو منداڵ، بەسەدان کەس شەڕی یەکدی بکەن و خوێنی یەکتر بڕێژن و یەکدی بکوژن، تاکو خێزان و بنەماڵەو هۆزو خێڵ ببن بە دووژمنی یەکدی.
بەداخەوە زۆرجار، تەنیا لەسەر کێشەیەکی بچووک، ناکۆکی و شەڕی کۆمەڵایەتی دروست بووەو دەیان کەس کوژراون و لەبەین چوون.
هەر بەهۆی زاڵبوونی عەقڵیەتی و زهنییەتی نالێبوردەیی و ڕقخوازییەوە، ساڵانە سەدان ئافرەت و ژن و کچ دەکوژڕێن و دەبنە قوربانی، ئەمە لە ڕووی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە.
ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی لەڕووی ئاشتی سیاسییەوە.
1.بزاڤ ئامانجی ئەوەیە، هەوڵدەدات بۆ ئەوەیکێشەی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان لەناوخۆی هەر پارچەیەکی کوردستان و لەنێوان پارت و لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە ڕێگای دیالۆگ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەبێ تووندوتیژی چارەسەر بکرێت.
2.ئاشتی و ڕێزگرتن و دراوسێیەتی باش لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا، ببنە بنەمای ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک، برایەتی گەلان شوێنی دوژمنایەتی بگرێتەوە.
3.بان پشتگیری پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، تاکو بە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و بێ تووندوتیژی هەوڵی چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بدەن.
لە کۆتاییدا، داوا لە هەموو کوردستانیان و ڕێکخراوە مەدەنی و جەماوەری و پیشەیی و دیموکراتییەکان و کەسایەتییە ڕۆشنبیرو ئەکادیمی و ئایینی و هونەری و کۆمەلایەتییەکانی کوردستان دەکەین، بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ئاریشەو کێشە سیاسییەکان خەبات بکەن و بەژداربن لە بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی و پشتیوانی لە بان بکەن.
لە مێژووی 14-06-2016 ڕاگەیەنراوە