لەساڵی 1956 لەشاری #ئاگری# کە پشتی داوە بەسنووری ئەرمەنستانەوە و شانی ناوە بەشانی قارسەوە، لەبەرزاییەکانی کوردستانی باکوور لەدایکبووە، ئارچ نازناوی شاعیری گەورەی کورد #فەقێ تەیران#ی هەڵگرتووە. ئەم هونەرمەند هەر لەمنداڵییەوە لەگەڵ دەنگە بەسۆزەکەی کەرابێتی خاجۆ و مریم خانا گەورە بووە تاوەکو بووە بەم هونەرمەندەی ئەمڕۆ، کە یەکێکە لە گەورەکانی دنیای هونەری کوردی، لێ لەم بەشە سۆرانی زمانەی کوردستاندا، گوێگران ئاشنای بەرهەم و هونەرەکەی نین، جا بڕیارە ئەم هونەرمەندە بەشداری بەرنامەیەک بێت لەشاشەی کوردساتەوە بیسەر و بینەری ئەم بەشەی کوردستان ئاشنای ئەو هونەرمەندە بن ئەمەش مایەی دڵخۆشیی و دەستخۆشییە لەو کەناڵە کە بەراستی کوردساتە، کار بۆ کۆکردنەوە و پەخشکردنی هونەر و کلتوری کوردی دەکات و ساڵانێکە بێ فەرقووسی دەرگای بۆ هەموو کوردێک کردوەتەوە کە خاوەن بەهرەو هونەر بێت. ئارچ هێشتا زارۆک بووە لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاگری کانگای شۆڕش بەجێدەهێڵن ودەچنە ئەنقرەی ساردو سڕ بۆ کوردان، کە ڕێژەیەکی کەمی کوردی تێدا دەژی لەچاو ئەستەنبوڵ. ئارچ لەوێ لەئەنقەرە پێ بەپێ لەگەڵ گۆرانیدا دەڕوات و لەساڵی 1976لە تەلەفزیۆنی تەرەتە دەکەوێتە کار، وردە وردە ئەستێرەی ناوبانگی دەگەشێتەوە و لەبەرنامەی ڕۆشنبیریدا توانا و وزەی خۆی نیشان ئەدات، تا ساڵی 1979 یەکەم ئاهەنگی بەزمانی کوردی لەشارەکەی خۆی ئاگری ساز دەکات، ئیتر تورکەکان ڕادەچڵەکێن، چوون ئارچ هێڵی سووری بەزاندووە و کوفری گەورەی کردووە و وەک ئەوەی زمانی تورکی خنکاندبێ، دوای ئەو ئاهەنگە هەرزوو لەکەناڵی تەرەتە دەریدەپەڕێنن. ئارچ ئیتر گۆرانییەکی نائومێدە، نەغمەیەکی غەمگینە، لەوڵاتێکدا کە بۆی نییە زایەڵەی دڵی غەمگین و پڕ لەتاسەی خۆی پەخش بکات، جا لەگەڵ کودەتای سەربازی 1980دا تورکیا بەجێدەهێڵێ و لەئەڵمانیا دەگیرسێتەوەو لەبەستەڵەکی ساردی ئەوروپادا بەدەنگە بەسۆزەکەی کوردی سڕبوو لەنێو ستەمی تورکاندا ڕادەچڵەکێنێ. تا ئەمڕۆ چریکەی بە گوێی هەموو کوردستانییەک دەگات. ئارچ لەماوەی ژیانی هونەریشیدا کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی پێشکەشی دنیای هونەری کوردی کردووە، لەوانە گۆرانی ״جودی (Cûdî)- فۆلکلۆری کوردی (Kurdish Ballads)-هەڵەبجە Wêneyên xewnê-Helepçe)- چیایێن مە (Çiyayên me)- دایێ (Dayê)- زینێ (Zînê)- بێریڤان (Bêrîvan)- دیلان (Dîlan)- دیاربەکر(Diyarbekir) – ژن و هەبون -کۆبانی- ئێش-ئە زانم کوردستانێ چێبە - ئەز شاهم دلالمن و ئای دلبەرە و خاکی بینگۆل و چیایێ شەنگالێ....״ چەندین بەرهەمی دیکە لەبواری گۆرانی و موزیک وسینەمادا....
یەکێکە لە داوەرەکانی بەرنامەی #کورد ئایدڵ# ی #کەناڵی کوردسات#.