بەهۆی دروستکردنی بەنداوێک لە شاری #سەردەشت#ی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#، ئەو ئاوەی دەگاتە قەزای #قەڵادزێ# 80% کەمیکردووە، بەرپرسی بەکارخستنی #پرۆژەی ئاوی خاس# لە قەڵادزێ ڕایگەیاند، ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی بەنداوێکین، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێت: بۆ ئەو مەبەستە بەنیازم سەردانی #ئێران# بکەم.
زانا عوسمان، بەرپرسی بەکارخستنی پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئێران لەسەردەشت بەنداوێکی دروستکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ئاوی زێی بچووک کە لە ئێرانەوە دەگاتە قەڵادزێ، لە قەڵادزێ لەسەر ئەو ئاوە، پرۆژەی ئاوی خاس دروستکراوە کە لەوێوە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی قەڵادزێ دابین دەکرێت، بەداخەوە لە ڕۆژی 23-6-2017 ئاوەکە وردە وردە کەمیکرد و ئێستا 80% ئاوەکە کەمیکردووە، بەو هۆیەشەوە ناتوانین ئاوی خواردنەوەی پێویست بۆ دانیشتووانی قەڵادزێ دابین بکەین.
هاوکات عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە بە نیازم سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەم، پلانێکی پێشوەختەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتە ئامادەکردووە، کوردستان خاوەنی17 بەنداوی ئاوگلدانەوەیە، بەو پێیەی ئاوی هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرەکانییەوە بە کەڵکی خواردنەوە دێت، ئەگەر کار لەسەر تەواوکردنی بەنداوە تەواو نەکراوەکان بکرێت، بێ ئاوی نابێتە هۆکارێک کە زیان لە هەرێمی کوردستان بدات.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژە بەوە دەکات، پرۆژەی دروستکردنی 20 بەنداو لەژێر جێبەجێکردندان، ئەگەر تەواوبکرێن، دوو هێندەی بڕی پێویست ئاو دەبێت، هەشت بەنداوی دیکەش نزیکەی 80%ی کارەکانیان تەواوبوون و بۆ تەواوکردنیشی نزیکەی 11 ملیار دینار پێویستە، کە سەرۆکوەزیران بەڵێنی سەرفکردنی ئەو بڕە پارەیەی داوە.
سەبارەت بە ئاوی ژێرزەویش، عەبدولستار مەجید گوتی ئاستەکەی 60 بۆ 100 مەتر دابەزیوە، ئەوەش بۆ لێدانی بیری ئیرتیوازی و کەمبوونەوەی باران و بەفر دەگەڕێتەوە.
قەزای قەڵادزێ لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە و نزیکەی 85 هەزار دانیشتووی هەیە، سەرچاوەی ئاوی سەرەکی دانیشتووانەکەی پرۆژەی ئاوی خاسە کە ئێستا گرفتی بۆ دروست بووە.
رووداو
24-06-2017