لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە شارەکانی #هەولێر#، #سلێمانی# و #دهۆک# 6 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە و 13 کەسیش بریندار بوون، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە. بەڵام بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە ڕێگەی #کەرکووک# – #پردێ# کە دوو ئۆتۆمبێلی سۆرینتۆ و سانتافی پێکیاندادا، 8 کەسی دوو خێزان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
رائید فازل حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندلە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە سنووری شاری هەولێر تەنیا ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەنێوان ماتۆڕێک و ئۆتۆمبێلێکدا ڕوویداوە، بەوهۆیە دوو لە سەرنشینانی ماتۆڕەکە بریندار بوون.
کاروان سدیق بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە سنووری شاری سلێمانی، دوو ڕووداوی هاتووچۆ لەدەرەوەی شار ڕوویداوە، بەوهۆیە 10 کەس بریندار بوون.
کاروان سدیق گوتی: یەکێک لە ڕووداوەکان لە شەقامی سەرەکی دووکان- سلێمانی بەهۆی وەرگەڕانی ماتۆڕێکەوە بووە و دوو کەس بریندار بوون. ڕووداوی دووەمیش لە گوندی قەرەداخ لە نزیک سێوسێنان و لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و کرێدا ڕوویداوە، بەوهۆیەوە 8 کەس بریندار بوون. خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
رائید ئازاد تەها، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی دهۆک، بە تۆڕی میدیای ڕووداوی ڕاگەیاندلە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە سنووری شاری دهۆک، 3 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە، بەوهۆیە یەک کەس بریندار بووە. یەکێک لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەنێو شار و دوو ڕووداو لە دەرەوەی شار ڕوویانداوە.
بەڵام ڕووداوێکی دڵتەزێن لە ڕێگای نێوان کەرکووک پردێ ڕوویدا کە 8 کەسی دوو خێزان بوونە قوربانی. بێستوون محەممەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پردێ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لە ڕووداوەکەدا 4 کەس (دوو ژن و دوو پیاو) گیانیان لەدەستداوە، 4 کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوون، قوربانییەکانیش لە دوو خێزانی جیان و هەردووکیشیان خەڵکی کەرکووکن.
25-06-2017