لە #13-03-2017# ڕێکخراوی یۆنسکۆ لەگەڵ سوپای ئێراق چونە مۆزەخانەی مووسڵەوەو تەنیا ئەوکاتە قەبارەی شکستەکانی کە داعش لە #26-02-2015# پێی گەیاندوە زانراوە.
مۆزەخانەی مووسڵ پارچەی شوێنەواری تێدابوە کە هێندە بەهادار بوونە لە نرخاندن نایەن. هەندێک لە پارچەکانی شکێنراون و هەندێکی دیکە سووتێنراون و زۆریشیان نەماون و گەیشتونەتە دەستی بازاڕگانەکانی شوێنەوار.
مۆزەخانەی مووسڵ بۆ گرنگی بە پلە دوو دێت لە دوای مۆزەخانەی بەغداوە، لە ساڵی 1952 دامەزراوەو لە دەروازەکەیدا کۆپی پەیکەرەکانی هەردوو گای باڵدار هەبوە هێمای شانشینی ئاشوریەکان بووە کە لە دەشتی نەینەوا ساڵی 750 پێشی زاین دامەزراوە.
کاربەدەستانی ئەوێندەر جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی وێرانکاریەکە هەردوک باڵەخانەو پارچە شوێنەاریەکانی گرتووەتەوە. هەموو شت و مەک و شوێنەوارەکانی مۆزەخانەکە دزراوە یانیش قاچاخ کراوە.
شوێنەوارەکانی مۆزەخانەکە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سومەری و ئیمپراتۆریای ئەکەدی کە لە ساڵانی (2300 پ ز) حوکمی ئێراقیان کردووە. هەروەها پارچەی شوێنەواری سەردەمی هیلینییە.انی تێدا بووە کە بەماوەی سێ سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح بوونە.
گرنگترین بەشی مۆزەخانەکە، بەشی ئاشوریەکان بووە کە ماوەی 900 ساڵ پێش مەسیح، ئەو پارچانەی تێدا بووە کە لە دەشتی نەینەوا دۆزراونەتەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان دەگەڕێنەوە. پارچەکانی زۆر دەگمەنن و لەهیچ مۆزەخانەیەکی دیکەی جیهاندا هاوشێوەیان نییە.
بەشێکی مۆزەخانەکە شتومەکی دەوڵەتی حەزەری کە دەگەڕێتەوە بۆ 100 ساڵ پێش کریستیان تێدا بوە.
هەروها بەشی مێژووی ئیسلامیشی تێدا بووە کە لەسەرەتای پەیدابوونی ئیسلامەوە لەسەدەی حەوتەمی زاینی دەستی پێ کردووە تاکوو ڕووخانی سەردەمی ئیسلامی لە 1924. ئەمیش دەستنووس و بەڵگەنامەو شوێنەواری ئیسلامی گرنگی تێدابوە.
داعش پارچە بچوکەکانی دزیوەو ئەوانەی پێی هەڵنەگیراوە یان بەتەورداس شکاندونی یان سووتاندونی و مۆزەخانەکە شتێکی ئەوتۆی تێدا نەماوە.
ڕێکخراوی یۆنسکۆ بەڵینی داوە کە هاوکار دەبێت لە نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە.