تاوەکو دووەم ڕۆژی جەژن 40 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# کردووە، کە سێ بەشیان خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن و، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە سەیرانگەکانی سلێمانی و #هەڵەبجە# دەکەن.
گەشتوگوزاری سلێمانی هاتنی ئەو ژمارەیەی گەشتیاران بە دڵخۆشکەر دادەنێت و دەڵێ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەکە زۆر زیادی کردووە. سروشت و هاوینەوارەکانی سلێمانی ژمارەیەکی زۆر گەشتیاریان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە.
سەرهەنگ خالید، گەشتیارە و دەڵێ من لەشاری #هەولێر#ەوە بە ماتۆڕ هاتووەم بۆ گەشتکردن، سەرەتا چوومە سلێمانی دواتر هەڵەبجە، پاشان سەردانی #بیارە# و هاوینەهەواری #ئاوێسەر#م کرد، ئێستاش لە هاوینەهەواری #ئەحمەد ئاوا#م، بۆیە بەماتۆڕ هاتووم، چونکە ئەو چێژەی لە بینینی دیمەنەکان و سرووشتدا لەماتۆڕدا دەیبینم، لەئۆتۆمبێلدا نایبنم.
عەلی عەونی، گەشتیارێکی عەرەبە و دەڵێ من لە#دەشتی نەینەوا#وە هاتووم، ئێرە شوێنێکی ئارام و خۆشە، هیچ کێشەیەکی ئەمنی نییە، داوا لە#حکومەتی کوردستان# دەکەم گرنگی زیاتر بەم ناوچانە بدات بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر بۆلای خۆی ڕابکێشێت.
ئەو گەشیارانەی لەماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا ڕوویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە، نزیکبووتەوە لە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوودا سەردانی هەمان پارێزگایان کردووە، هاوکات گەشتوگوزاری سلێمانی، پێشبینی دەکات ژمارەکە بۆ دووهێندەی ساڵی ڕابردوو بەرزبێتەوە.
ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێ ئەو ڕێژە گەشتیارییە ڕێژەیەکی دڵخۆشەکەرە کە سەردانی سلێمانیان کردووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زۆر زیادی کردووە، چاوەڕوانیش دەکەین دووبەرامبەر بەرزبێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری سلێمانی، تاوەکو دووەم ڕۆژی جەژن، زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار ڕوویان لەپارێزگای سلێمانی کردووە، ڕێژەی 75%ی ئەو گەشتیارانەش لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو، لە ڕۆژانی جەژن دوای جەژنیش تەنیا 45 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردبوو.
27-06-2017