دوو پێشنیار دراوەتە #حکومەتی عێراق#ی بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کچ و ئافرەتانەی کوردی #ئێزیدی# بکات کە لە ژێر دەستی #داعش# ڕزگار کراون، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت، یەکێک لە پێشنیارەکان ئەوەیە ئەو ئافرەتانە وەک قوربانیانی دەستی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە کاتی هاتنی چەکدارانی داعش بۆ شنگال زیاتر لە شەش هەزارو 300 کچ و ژنی ئێزیدی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش.
لەو بارەیەوە #ئەشواق جاف#، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، #پەرلەمانی عێراق# پڕۆژەیەکی داوەتە حکومەتی عێراق بۆ هاوکاری کردنی ئەو کچ و ژنە ئێزیدییانەی کە کەوتنە بەر دەستی داعش و ئێستا بەشێکیان ڕزگار کراون.
پەرلەمانتارە کوردەکەی بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیاری یەکەم بریتییە لەوەی ئەو کچ و ژنانە وەک قوربانی دەستی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و پێشنیاری دووەمیش ئەوەیە هاوشێوەی شەهیدی زیندوو یان کەمئەندامان ئەژمار بکرێن.
ئەشواق جاف، وتیشی، پێشنیاری سێیەم ئەوەیە داواکراوە ئەو ئافرەتانە لە تۆڕی پاراستنی چاودێری کۆمەڵایەتی و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت ئەویش مانگانە بڕی 250 هەزار دیناریان وەک موچە پێ بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پێشنیارانە لەلایەن حکومەتی عێراقی وەڵام نەدراوەتەوە ئەویش بە بیانووی قەیرانی داراییەوەیە.
بە پێی ئاماری نوسینگەی ئازاد کردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش تاوەکو ئێستا سێ هەزارو 36 ئافرەت و کچی ئێزیدی لە دەستی داعش ڕزگار کراون و سێ هەزارو 300شیان ماون ئازاد بکرێن.
28-06-2017