دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری #هەرێمی کوردستان# ئاشکرایکرد، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا 140 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت کۆمەڵێک پرۆژەی گەشتیاری بەڕێوەیە و پلان هەیە ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار ڕووبکەنە کوردستان.
دەستەکە ئاماژە بە هەوڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیاران دەکات و دەڵێت ماندووبوون و پێشکەوتنەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران. تەنیا لە چوار ڕۆژی جەژن (واتە لە 23ی مانگ تاوەکو 26ی مانگ) زیاتر لە 140 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕوان دەکەن ژمارەکە زۆر بەرزبێتەوە و ئەم جەژنە ژمارەیەکی پێوانەیی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
جەژنی ڕەمەزانی ڕابردوو 122 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان. دەستەی گەشتوگوزار پلان هەیە ساڵی 2017 ژمارەی گەشتیاران بۆ دوو ملیۆن کەس بەزربکاتەوە.
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەردەوامن لە پەرەپێدان و بوژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار لەسەر بنەمای جێبەکردنی پلانی ستراتیژی دەستەی گەشتوگوزار بەپاڵپشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەکردنی ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیاری لە ناوچەکانی بێخاڵ، کانی ماران، گەلی عەلی بەگ.
دەستەی گەشتوگوزار دەشڵێت، چەند پرۆژەیەکی دیکە لەئایندەیەکی نزیکدا لە چەند ناوچەیەک دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە وەک: ئەحمەدئاوا، سەرسەنگ و چەند شوێنێکی دیکە.
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران بۆ چالاکی جۆراوجۆری گەشتیاری وەک کۆنفرانس، پێشانگەی گەشتیاری، دیداری کۆمپانیاکان، وۆرک شۆپ، دەیان جۆری چاپەمەنی و فیلم و بەئەلیکترۆنیکردنی گەشتوگوزار دەگەڕێنێتەوە. دەشڵێت بەرهەمی پێشکەوتنەکان بە هاوکاری و پاڵپشتی سەرجەم دامەزراوە و دەزگاکانی حکومەت بووە بە تایبەت پارێزگارەکان، یەکە ئیداریەکان و دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان.
28-06-2017