سکرتێری گشتیی #حیزبی دێموکڕاتی کوردستان# بەبۆنەی هەڵبژێرانی ئیمانوێل ماکڕۆن بە سەرۆککۆماریی فەڕانسە پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ ناردوە.
دەقی ئەم پەیامە بەو جۆرەیە:
زۆر بەڕێز ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی فەڕانسه!
بەبۆنەی هەڵبژێرانی جەنابتان به سەرۆکی نوێی فەڕانسه به ناوی خۆم و هاوڕێیانم له ڕێبەڕیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەگەرمی پیرۆزباییتان پێ دەڵێم.
فەڕانسه جیا لەوه که مۆدێلێکی ئیلهامبەخشی شارستانەتی و تەمرینی دێموکڕاسییە، جێگه و پێگەیەکی گرینگیشی له پێوەندییه نێودەوڵەتییەکان و هاوکێشەکانی پێوەندیدار به ناوچەی ئێمه و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیه. لەوەش زیاتر ساڵانێکه که دۆستایەتیی گەل و حکومەتی فەڕانسه لەگەڵ گەلی کورد پێی ناوەته قۆناغێکی دیار و بەرچاوتر له ڕابردوو.
حیزبی ئێمه که بۆ ئازادی و دێموکڕاسی و مافه نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد له ئێراندا خەبات دەکا، به چاوی ڕێزەوه له و پاشخانه له هاوپێوەندی و پشتیوانی دەڕوانێ که له زۆر بڕگەی مێژووی نوێدا فەڕانسه به گەلی ئێمەی نیشان داوه.
ئێمه وێڕای ئاواتی سەرکەوتن بۆ جەنابتان له ڕووبەڕووبوونەوەی چالێنجە ناوخۆیییەکانی وڵاتی فەڕانسه، هیوادارین له دەورانی سەرکردایەتیی جەنابتاندا پێوەندی و دۆستایەتیی نێوان دوو گەلی کورد و فەڕانسه له جارانیش زیاتر پەره بگرێ.
جگه لەوەش ئارەزوومان ئەوەیه که له سایەی ئێوەدا فەڕانسه ڕۆلێکی کاراتر له چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی له مامەڵه لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێ، به چەشنێک که به قازانجی بزوتنەوەی مافخوازانەی گەلان له ناوچەدا و بەتایبەتی گەلی کورد له ئێران تەواو بێ.
لەگەڵ ڕێز و هیوای دووبارەی سەرکەوتنتان
مستەفا مەولودی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
8 ی مای 2017
08-05-2017