ئەمڕۆ 7ی پووشپەڕ، ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری #سەردەشت#ە کە لە شەڕی 8 ساڵەی #ئێران# و #عێراق#دا، لە 28ی حوزەیرانی 1987دا لەلایەن فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسی پێشووی عێراق کیمیاباران کرا.
ئەنجوومەنی داکۆکی لە قوربانیانی کیمیایی سەردەشت دەڵێت: دوای 30 ساڵ لەو ڕووداوە، بەشی زۆری بریندارانی چەکی کیمیایی سەردەشت لەلایەن دەزگای شەهید و کەمئەندامانی ئێران وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی تۆمارنەکراون.
لەکۆی 8 هەزار برینداری کیمیایی سەردەشت، 1400 کەس ناویان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش تەنها 400 کەسیان ئیمتیازاتی کەمئەندامی دەیانگرێتەوە. هەروەها ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران 22 ساڵ پێش بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی کیمیایی لە سەردەشت داوە، بەڵام تەنیا دەرمانخانەیەک بە ئیمکانیاتێکی کەمەوە لەو شارە کراوەتەوە.
سی ساڵە برینی قوربانییانی کیمیایی سەردەشت ساڕێژ نەبووە. لە 7ی پووشپەڕی ساڵی 1366ی هەتاوی بە بۆمبی کیمیایی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس، 110 هاونیشتمانی سەردەشت شەهید بوون. لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە 40 کەسی دیکەش بەهۆی کاریگەری چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 8 هەزار کەسیش هێشتا بەدەست شوێنەواری ئەم هێرشەوە دەناڵێنن.
دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران بەشێکی کەم لە قوربانییانی وەک برینداری کیمیایی تۆمارکردووە. بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی داکۆکی لە مافی قوربانیانی کیمیایی سەردەشت، 8 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین، بەڵام دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامانی ئێران تەنیا ناوی 1400 کەسی تۆمارکردووە.
بەپێی یاساکانی ئێران، هەر کەسێک لە شەڕدا بەڕێژەی زیاتر لە 25% کەمئەندام بووبێ، مووچەی مانگانەی بۆ دەبڕێتەوە و لە کۆمەڵێک ئیمتیازی وەک دامەزراندن، هاوکاری خوێندن، بیمەی تەندروستی، پێدانی زەوی و قەرزی بانکی بەهرەمەند دەبێت، بەڵام لەکۆی 1400 برینداری تۆمارکراوی کیمیایی سەردەشت، هەزار کەس ڕێژەی کەمئەندامییان لە خوار 25% تۆمارکراوە و هیچ مافێکی کەمئەندامی نایانگرێتەوە.
هەروەها سەردەشتییەکان لە سەرەتاییترین مافی قوربانییانی کیمیایی کە بوونی نەخۆشخانەی پێشکەوتووی کیمیاییە بێبەشن. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران 22 ساڵ پێش ئێستا بە قوربانیانی کیمیایی سەردەشتی ڕاگەیاند، گەورەترین کلینیکی بریندارانی کیمیایی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەشت دەکرێتەوە، بەڵام دوای چەندین ساڵ بچووکترین کلینیک بە ئیمکانیاتێکی کەمەوە لەو شارە کراوەتەوە. بەگوتەی بریندارانی چەکی کیمیایی سەردەشت، کلینیکی کیمیایی سەردەشت لەڕووی شوێن، کەرەستەی پزیشکی و دەرمانەوە کەم ئیمکانیاتە و زۆرجار بەهۆی نەبوونی دکتۆری پسپۆڕ دادەخرێت.
29-06-2017