فەرماندەیەکی کەتیبەی ئەندازەی سەربازی، ئاشکرایدەکات، بەدرێژایی 650 کیلۆمەتر لە #شنگال#ەوە بۆ #کەرکووک#، توانیویانە زیاتر لە 14 هەزار بۆمبی چێنراو پووچەڵبکەنەوە و بتەقێننەوە، لەگەڵ پووچەڵکردنەوەی 350 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و 300 خانوو.
لیوا مەحموود کاکەیی، فەرماندەی کەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەربە هێزەکانی پشتیوانی یەک بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی ئامارەکان لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی #داعش#، لە 14ی حوزەیرانی ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار بۆمبی چێنراویان تەقاندووەتەوە و پووچەڵکردوونەتەوە، زیاتر لە 200 کیلۆمەتر ڕێگەیان لە بۆمبی چێنراو خاوێنکردووەتەوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو زیاتر لە 122 پارچە تەقەمەنییان هەڵگرتۆتەوە.
ئه و فەرماندەیە ئاشکراشیکرد، لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی داعش زیاتر لە 300 خانوو، 350 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان پووچەڵکردووەتەوە و تەقاندووەتەوه و لەگەڵ ئەوانەیشدا زیاتر لە 19 تۆنێلیشمان پاککردووەتەوە کە لە 10 مەتر تا 700 مەتر دەبن هەر لە شنگالەوە تا ڕۆژئاوای کەرکووک.
فەرماندەی کەتیبەی ئەندازەی سەربازی سەربە هێزەکانی پشتیوانی، ئەوەشی خستەڕوو، داعش شارەزاییان لە بۆمب هەیە و سوودیان لە بەشێک لە ئەفسەرانی سوپای پێشووی عێراق وەرگرتبوو، بەشی کیمیایی زانکۆی مووسڵیشیان بۆ دروستکردنی بۆمب بەکاردەهێنا، بەڵام تیمەکانی ئەوان توانیویانە بەسەر زیاتر لە 95 لەسەدی پلانەکانییان زاڵ ببن.
کاکەیی، وتیشی وەک کەتیبەی ئەندازەی سەربە فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک ئەرکی سەرەکییمان پشتیوانیکردنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەیە لەسەرجەم میحوەرەکانی شەڕ لەگەڵ داعش هەر لە شەنگالەوە تا دەگاتە ڕۆژئاوای کەرکووک، چەند یەکەیەکمان هەیە و بەسەر میحوەرەکاندا دابەش بووین و کاری خۆمان لەو میحوەرانە دەکەین، کاری سەرەکی ئێمە پووچەڵکردنەوەی بۆمب و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوە.
روونیشکردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵیان هەبووە لە مەشق و ڕاهێنانی تیمەکانی سەربە کەتیبەکەیان لە هەولێر و سلێمانی و یارمەتی ئەوانییان داوە، بەڵام حکوومەتی عێراق یەک پێویستیشی بۆ دابین نەکردوون.
29-06-2017