نزیکەی 70 هەزار کەس بەشێوەی گرێبەست لە #کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان# دادەمەزرێن. بەگوتەی قسەی بەرپرسێکی باڵای ئەو کۆمیسیۆنەش لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەست بە ئەنجامدانی گرێبەستەکان دەکرێت.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتاکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ڕێککارەکان دیاریدەکرێن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکان و لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزیش دەست بە واژۆکردنی گرێبەستەکان دەکرێت.
کاروان جەلال ڕاشیگەیاند، دوو جۆرە گرێبەست ئەنجامدەدرێن، کە کورتخایەن و درێژخایەنن. گرێبەستە کورتخایەنەکان یەک مانگە ماوەکەی و گرێبەستە درێژخایەنەکانیش زیاتر لە سێ مانگە.
سەبارەت بە مەرجی ئەنجامدانی گرێبەست، بەڕێوەبەری گشتیی داتاکانی کۆمیسیۆن ئاشکرایکرد، بڕیاری کۆتایی نەدراوە بەڵام بۆ گرێبەستە درێژخایەنەکان دەبێت بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان دیپلۆمی هەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە پێشووتر لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق گرێبەستیان کردووە، چانسیان زیاترە، ئەو کەسانەشی کە دامەزراون مافی ئەنجامدانی گرێبەستیان نییە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ واژۆدەکرێت، کاروان جەلال گوتی، نزیکەی 12 هەزار وێستگەی دەنگدان هەیە، کە پێویستی بە نزیکەی 60 هەزار کارمەندە، هەروەها 2030 بنکەی دەنگدانیش هەیە کە ئەویش پێویستی بە نزیکەی شەش هەزار کارمەندە لەگەڵ چوار هەزار کارمەندی یەدەگ.
29-06-2017