بەرپرسی بەشی گەشتوگوزار لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری #هەڵەبجە# ئاماژە بەوەدەکات، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار هاتونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری پاریزگای هەڵەبجه و بە بەراورد بە ساڵی ڕابردووش هاتنی گەشتیاران بۆ سنورەکە زیادی کردووە.
لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا و بەبۆنەی پشووەکانی جەژنی ڕەمەزانەوە، زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار کە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هاتوون ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووه و پێشبینشدەکرێت ئه و ڕێژەیە بۆ زیاتر لە 35 هەزار گەشتیار بەرزبێتەوە.
سەردار عەلی، بەرپرسی بەشی گەشتوگوزار لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بەڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بە گوێرەی ئه و پلانەی کە داماننابوو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران توانیمان سەرکەوتوانە پلانەکە جێبەجێ بکەین و تا ئەمڕۆش هەر لە پێشوازی گەشتیاراندا بووین.
سەردار عەلی، وتیشی: لەیەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە تا دوێنێ زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنورەکەمان کردووە، کە زۆربەیان گەشتیاری عەرەب بوون و لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون، کە زۆرترین گەشتیاریش ڕوویان لەسەیرانگای ئەحمەد ئاوا و ئاوێسەر کردووە.
بەرپرسی بەشی گەشتوگوزاری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی وت: لەبەرئەوەی کە ئەم دوو ڕۆژە پشووه و هاوکات پلەکانی گەرماش بەردەوام ڕوو لەبەرزبونەوە دەکەن، پێشبینی دەکەین ئەم دوو ڕۆژەش زیاتر لە 15 هەزار گەشتیاری دیکە بێنە ناوچەکه و ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ 35 هەزار گەشتیار بەرزبێتەوە، لەکاتێکدا لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردودا تەنها 20 هەزار گەشتیار ڕویان لە سنورەکە کردبوو.
29-06-2017