#جەمال ئەحمەد جەمیل#
رووداو - #سلێمانی#
لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و لەبەردەم ئۆتێل ئازادی سلێمانی، دەستڕێژی گوللە کراوە و بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ژنێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
#سەرکەوت ئەحمەد#، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند کەمێک پێش ئێستا ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تەکسی دەستڕێژی گوللەی لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە کردووە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە کە ژنە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکە ئاشکرای کرد کە ئێمە سەرەداوی ڕووداوەکەمان دەستکەوتووە و کێشەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە ڕووداوێکی دیکەوە هەیە کە لەنێوان کەسی تەقەکەر و بنەماڵەی کوژراوەکەدا هەیە.
هاوکات جەمال ئەحمەد جەمیل، پەیامنێری ڕووداو لە شوێنی ڕووداوەکە لەگەڵ شایەتحاڵان قسەی کرد و شایەتحاڵێک بە ڕووداوی ڕاگەیاند ئێمە کاتێک سەیری ئۆتۆمبێلەکەمان کرد ژنێک دەستبەجێ گیانی لەدەستدا بوو هەروەها منداڵێکی برینداریش لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا هەبوو، هێزە ئەمنییەکانیش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
پەیامنێری ڕووداو گوتی بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و ژنێکی دیکە برینداربوون، هەروەها ژنەکەی دیکەش دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و سەرجەمیان کەسوکاری یەکدین.
لەسەر چۆنییەتی و وردەکاری ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەی بەردەوامدان و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە، هەروەها تیمەکانی بەڵگەی تاوان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
02-07-2017