لە 98%ی شوێنەوار و ناوچە دێرینەکانی #موسڵ# لە لایەن تێرۆریستانی #داعش#ەوە وێران کراوە و بە تاڵان براون، دواترینیشیان تەقاندنەوەی مزگەوتی نوری و منارەی #حەدبا# بوو.
شاری موسڵ یەکێکە لەو شارانەی بە بوونی شوێنەواری مێژوویی و ئاسەوار و کەلوپەلی دێرین دەناسرێتەوە، بەشێوەیەک مێژووەکانیان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
پارێزگای نەینەوا خاوەنی زیاتر لە هەزار و 800 شوێنەواری دێرینە، بەڵام لە دوای داگیرکارییەکانی تێرۆریستانی داعشەوە بۆ سەر شارەکە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014دا، لە 98%ی شوێنەوار و پارچەی ئاسەواری پارێزگاکە لە لایەن تێرۆریستانەوە وێرانکراوە یاخود بە تاڵانیان بردووە. تێرۆریستانی داعش زیاتر لە 12 هەڵمەتی وێرانکارییان لە موسڵ ئەنجامداوە و لەو ڕێیەوە مەزارگەی نەبی یونس و مەزارگەی نەبی شیت و پەرستگای مار ئیلیا کە کۆنترین کڵێسایە لە عێراق و هەروەها شاری حەزر خاپوورکراون و لە کۆتا ڕۆژەکانی مانەوەشیاندا لە شارەکەدا، مزگەوتی نوری و منارەی حەدبایان تەقاندەوە، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی شوێنەرانی موسڵ ئاشکرایکرد: لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا، تیرۆریستانی داعش، بەپێی پلانێکی نەخشە بۆ داڕێژراو، نزیکەی 300 مزگەوت و بەدەیان شوێنەواری مێژووییان لەو شارە وێرانکردووە، جگە لەوەش، بە سەدان ئاسەواری مێژوویی ڕەوانەی دەرەوەی عێراق کراون.
سەرچاوەکەی بەڕێوەبەرێتی شوێنەواری موسڵ ئاماژەی بەوەشدا: دوابەدوای سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی، بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، کار بۆ دروستکردنەوەو نۆژەنکردنەوەی مزگەوت و شوێنەوارە مێژووییەکانی تری شاری موسڵ دەکەن.
ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش وێرانکردنی شوێنەوارە مێژوویەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن تێرۆریستانەوە بە تاوانی جەنگ لە قەڵەم داوە.
شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوایە و لە دوای بەغدادی پایتەختەوە، دووەمین گەورەترین شاری عێراقە لە ڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەکەیەوە.
03-07-2017