ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک دەست بە سەرداگرتنی دێر و کڵێسا و پەرستگاکانی کەمینەکانی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەدا، تورکیا لە مێژوودا بە دژایەتی گەلانی ناوچەکە ناوبەنگی هەبووە.
ئەمڕۆ کەنەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لە کردەوە قڕکەرانەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد دژی ئاسوری - سریانی - کلدانییەکان، داواشی لە تورکیا کرد کە بە زووتری کات کۆتایی بهێنێت بە کردەوەی لەم جۆرە.
لە ڕاگەیەندراوی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەنەکەدا هاتووە:دەوڵەتی تورکیا دەستی بەسەر کڵێسا و دێر و ماڵ و موڵکی ئەو ئاسوری- سریانی- کلدانیانەدا گرتووە کە لە کوردستان دەژین، بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە ماردین بوو بە شارەوانی مەزن پارێزگا، ئیدی گوند و حوکمی کەسایەتی گوند لابرا، چەندین کڵێسا و دێری مێژوویی و ماڵی سوریانییەکان لەو ناوچەیە بە بێدەنگی و لە پەناوە خرانە سەر سەرۆکایەتی کاروباری ئاینیی، گەلۆ دەستبەسەرداگرتنی شوێنی ئاینی و پەرستگا و ماڵ و موڵکی خەڵکێکی مەسیحی لە لایەن دەزگا و بەڕیوەبەرایەتییەکی ئیسلامییەوە، جگە لە تاڵان و بڕۆ و داگیرکاریی چ ناوێکی تری هەیە؟ ئەم ڕەوشە بە چ لۆجیکێک لێکدەدرێتەوە؟ چ ویژدانێک دەتوانێ ئەمە قبوڵ بکات؟.
کەنەکە لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوە داوە:دەوڵەتی تورکیا پێشتر گەلی کریستیانی جینۆساید کرد و ماڵ و موڵکی داگیر کردن، دوای ئەوەش ئەوەی مابوون دەربەدەر کران، ئێستاش بۆ ئەوەی لەو ناوچەیە لە ڕەگ و ڕیشەیان دەربێنێ و ئاسەواریان نەهێڵێ، پەرستگا و شوێنە پیرۆزە مێژووییەکانیان داگیر دەکات، مێژووی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە دوژمنایەتی گەلان بەناوبانگە، پێشتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کلتور و باوەڕی جیاوازەوە وەک باخچەیەکی گوڵان بوو، کەچی تورکیای ئەمڕۆ یەک یەک ئەو گوڵانە هەڵدەوەرێنێ، دوێنێ لە عێراق و سوریا تێرۆریستانی داعش ئەم مرۆڤانەی کوشتوبڕ کردن، لە شوێنی خۆیان دەریانکردن، ماڵ و موڵکیان داگیرکردن و شوێن و پەرستگا مێژووییەکانیان تاڵان و خاپوور کردن، ئەمڕۆش لە تورکیا ماڵ و موڵکیان داگیردەکەن، بەڕاست لە نێوان ئەم دووانەدا هیچ جیاوازیەک هەیە؟.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە:ئێمە وەکو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، هەمیشە لە دژی ئەم کارە ناڕەوایانەی بەرامبەر گەلی ئاسوری- سریانی- کلدانی دەکرێن، ڕاوەستاوین، ئێمە لە سەنگەری ئەوانداین و لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوام دەبین، ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی داگیرکردنی پەرستگاو شوێنە پیرۆز و دیرۆکییەکانی ئەوانین.
کەنەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە:دەبێ دەوڵەتی تورکیا بە زووترین کات ئەو دێر و پەرستگا و موڵکانەی داگیری کردوون، ڕادەستی خاوەنەکانیان بکاتەوە، لەو بارەیەوە ئێمە بە توندی ئەو ناڕەوایەتی و ناهەقییە شەرمەزار دەکەین، داوا لە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و خاوەن ویژدان دەکەین لە گەلی ئاسوری- سریانی- کلدانی خاوەن دەرکەون و پشتگیرییان بکەن.
04-07-2017